پاریس.. کۆنگرەی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەستی پێ کرد

پاریس-KDP.info- بە مەبەستی هاوكاریكردنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و یارمەتیدانی ئاوارەكان كە نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەبن، بڕیارە ئەمڕۆ لە پاریس كۆنفڕانسی ئاساییش و ئاشتی لە عێراق ساز بكرێت.
ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا كۆنفڕانسی ئاساییش و ئاشتی لە عێراق بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی 30 وڵات، بە گوتەی سەرۆککۆماری فەڕەنسا(فڕانسوا ئۆلاند) و هاوتا عێراقییەکەی(فواد مەعسووم) کارەکانی دەست پێ کرد. مەبەستیش لە كۆنفڕانسەكە دۆزینەوەی پلانێكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ بنەبڕکردنی هاوكاریی ماددییان، هەروەها هاوكاریكردنی عێراق بۆ بەرەوڕووبوونەوەیان و دابینكردنی پێداویستیی مرۆیی بۆ ئاوارەكان كە ژمارەیان ملیۆنێك و 800 هەزار عێراقییە و بە هۆی داعشەوە ئاوارە بوون.
سەرەتای كۆنفڕانسەكە بە گوتەی هەریەكە لە سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی فەڕەنسا دەستی پێ کرد.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت وڵاتان تەنیا بەشداری لەو كۆنفڕانسەدا بكەن، چونكە داعش دیاردەیەكی جیهانییە و بۆ سەر هەموو جیهان هەڕەشەیە، بۆیە داوا دەكەین بە توندی ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببنەوە".
بڵند ئیبراهیم




