هەولێر و تاران گرینگی بە پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەكان و هەماهەنگیی ئەكادیمی دەدەن

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەركۆنسووڵی تازەی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، وڵاتەكەی گرینگی بە پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەكان و هاوكاری و هەماهەنگیی ئەكادیمی و زانكۆیی و بوارەكانی تەندروستی و پزیشكیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەدات.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 15-ی ئەیلوولی 2014، پێشوازیی لە سەركۆنسووڵی تازەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر(مورتەزا عیبادی) كرد.
لە دیدارێكدا سەرۆكوەزیران وێڕای بەخێرهێنان، هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ سەركۆنسووڵی تازەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر خواست و سوپاسی ڕۆڵی سەركۆنسووڵی پێشووی كۆماری ئیسلامیی كرد كە ڕۆڵێكی دیاری لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەولێر و تاراندا گێڕاوە.
لای خۆیەوە سەركۆنسووڵی تازەی ئێران، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستەبەكاربوونی وەك سەركۆنسووڵی وڵاتەكەی لە هەولێر نیشان دا و دووپاتی كردەوە كە، هەموو هەوڵ و تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەرەو پێشتر ببات و ڕایگەیاند كە بە تایبەتی گرینگی بە پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانییەكان و هاوكاری و هەماهەنگیی ئەكادیمی و زانكۆیی و بوارەكانی تەندروستی و پزیشكیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەدات.
سەرۆكوەزیرانیش جەختی لەوە كردەوە كە، ئەم بوارانە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگن و سوپاسی كرد و دووبارە هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.




