٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش ورەیان ڕووخاوە و سنوورەكە چۆڵ دەكەن.. بارەگای سەرەكیی خۆیشیان لە ریاز تەقاندەوە

سەرچاوە: KDP.info

داقووق-KDP.info- جێگری لیوای 9-ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، چەكدارانی تیرۆریستی داعش پاشەكشەیان كردووە و تەواوی كەرەستە سەربازی و چەكە قورسەكانیان بەرەو شارەدێی ریازی باشووری كەركووك گواستووەتەوە هەروەها بارەگای سەرەكیی خۆشیان لە ریاز، دوای چۆڵكردنی تەقاندووەتەوە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، تیرۆریستان لەو سنوورە ورەیان ڕووخاوە و زۆربەی گوندە عەرەبنشینەكانیش بە تایبەت ئەوانەی كە هاوكاریی چەكدارانی تیرۆریستی داعشیان كردووە، ماڵەكانی خۆیان چۆڵ كردووە.

جێگری لیوای 9-ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە عەمید (فایەق قادر حەمەساڵح) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، لە دوێنێ شەوەوە چەكدارانی تیرۆریستی داعش لە گوندی غێدەی سەر بە شارۆچكەی داقووق كە بارەگای سەرەكییان لەو گوندە بووە، دەستیان بە پاشەكشە كردووە و تەواوی كەرەستە سەربازی و مۆلیدەی كارەبایی و چەكە قورسەكانیان بەرەو شارەدێی ریازی باشووری كەركووك گواستووەتەوە و بارەگای سەرەكیی خۆیشیان لە ریاز دوای چۆڵكردنی تەقاندووەتەوە.
جێگری لیوای 9-ی پیادە گوتیشی، لە شارۆچكەی داقووق لە گوندەكانی ئەبومحەممەد و تەلرابیع و باشە و وەحدەیش چەكدارانی تیرۆریستی داعش لە ترسی هێرشی ئاسمانی چەكدارەكانیان كەم كردووەتەوە و دەستیشیان كردووە بە تەقاندنەوەی پردەكانی هاتوچۆ بە تایبەتی پردی نێوان گوندی عوزێرە و ئەفشانە كە ناوەندی سەرەكیی چەكدارانی داعش لەو شوێنانەیە.
عەمید (فایەق) ڕوونیشی كردەوە، چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەو سنوورە ورەیان ڕووخاوە بە تایبەت دوای  شكاندنی ئابڵووقەی سەر ئامرلی، زۆربەی گوندە عەرەبنشینەكانیش بە تایبەت ئەوانەی كە هاوكاریی چەكدارانی تیرۆریستی داعشیان كردووە، ماڵەكانی خۆیان چۆڵ كردووە و بەرەو گوندەكانی تر رۆییشتوون.
سەبارەت بە هۆكاری چۆڵكردن و كەمكردنەوەی چەكدارەكانیان لەو سنوورە، جێگری لیوای 9 گوتی، "داعش لەو سنوورە چەكدارەكانیان جووڵاند و بەتەمای گرتنی ناحیەی ئامرلی بوون، بەڵام ئەو هەوڵەیان سەركەوتوو نەبوو و هەروەها چەند هەوڵێكی دیكەی نەزۆكیشیان بۆ گرتنی گوندی ئینگیجەی سەر بە قەزای دووز خورماتوو دا، لەو هەوڵانەیشیان سەركەوتوو نەبوون و تەرمی زۆریشیان لێ بەجێما، بەڵام كەمكردنەوەی چەكدارەكانیان لەو سنوورە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئومێدیان بەم سنوورە نەماوە، ئەوان وایان دانابوو كە داقووق بگرن كە مەزارگەی شیعە و كاكەییەكانی تێدایە بۆ ئەوەی بیانتەقێننەوە، بەڵام بە هۆی چاوكراوەیی خەڵك و پێدانی زانیاری بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئامادەیی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هەر ئەگەرێك، ئەو هەوڵەی داعش شكستی برد و نەیانتوانی هیچ بكەن، بەڵكە ئەوەتا ئێستا پاشەكەشە بەرەو ریاز دەكەن و ئامادەكارییش بۆ رۆیشتنیان بەرە و مووسڵ و سووریا دەكەن".
گوتیشی، "بەپێی زانیارییەكانمان لە گوندەكانی ئەبومحەممەد، تەلرابیع، وەحدە و تەواوی سنوورەكە بۆمبێكی زۆری چێندراویان داناوە".

هەواڵی پەیوەندیدار