کۆنگرەی پاریس.. دابەشکردنی ڕۆڵی جەنگ دژ بە داعش.. یەکانگیرنەبوونی بەرژەوەندییەکان

هەولێر- KDP.info- وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەی پاریس، کە پاش چەند سەعاتێکی دی دەربارەی دۆخی ئەمنیی عێراق ساز دەدرێ، ڕۆڵی هەریەک لەو وڵاتە بەشداربووانە دیاری دەکات لە نێو ئەو هاوپەیمانەتییەی بۆ لێدانی داعشدان، بەڵام کۆنگرەکە هاوکات بەرەوڕووی گرفتی دۆسێی سووریا دەبێتەوە.
کێ گورز دەوەشێنێ و لە کوێ؟ کێ چەکی دەدرێتێ؟ کێ زانیاریی هەواڵگری دەدات؟ کێ لە ڕووی داراییەوە بەڕیوەی دەبا؟ ئەمانە پرسیارگەڵێکن لە جەوهەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی، کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دژ بە داعش ڕایگەیاندووە.. کۆنگرەی پاریس کە تایبەتە بە ئاساییشی عێراق، هەوڵ دەدات ڕۆڵەکان بە شێوەی جیا دابەش بکات کە هەندێ جار بە بەرژەوەندییەکان یەکانگیر نابێ، بەڵام لە هاوپەیمانەتییەکدا بەشدار دەبێ کە دژ بە دەوڵەتی ئیسلامیی تیرۆریستە.
نزیکەی 20 وڵات بەشدار دەبن، زۆرینەیان بە وەزیرێک دەچنە نێو کۆنگرەوە، کە سەرۆکی فەڕەنسا(فڕانسوا ئۆلاند) و هاوتا عێراقییەکەی(فواد مەعسووم)، ئەمڕ دووشەممە دەیکەنەوە، دڵنیایی دەدات لە جیددیەتی پابەندبوونی نێودەوڵەتی لە بنەبڕکردنی چەکدارە تیرۆریستەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، کە دەستی ەبسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی هەریەک لە عێراق و سووریادا گرتووە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماتکار دەڵێ، "ئەو کۆنگرەیە بە وردی بوار دەدات بە هەمووان تا بزانن بە دیاریکراوی دەتوانن چ بکەن"، ئاماژەیشی دا کە، پێویست نییە کۆی بڕیارەکانی کۆنگرە ڕابگەیەنرێن. ڕوونتر گوتی "ڕاناگەیەنرێ کێ گورز دەوەشێنێ؟ لە کوێ دەوەشێنرێ؟ کەی دەوەشێنرێ؟."
بەشداریی ڕووسیا و ئێران
لە ئاستانەی ئەو کۆنگرەیەدا، هێشتا پرسیارگەلی گرینگ هەن دەربارەی هەڵوێستی ڕووسیا، کە بەم دواییە بە هۆی قەیرانی ئۆکڕایناوە نێوانی لەگەڵ ڕۆژئاوا گرژ بووە، هەروەها ئێران، کە ڕٶڵێکی بەرچاوی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی هەیە، بەڵام وەک دەگوترێ بە هۆی دەستوەردانی لە هەردوو قەیرانی عێراق و سووریاوە، وای لێ کردووە بەشێک بێ لێی. ئەگەرچی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا خواستی هەبووە تاران لە کۆنگرەدا بەشدار بێ، بەڵام هاوتا ئەمەریکاییەکەی ڕێگر بووە.
بەهەرحاڵ، دوێنێ شەممە، تاران ڕایگەیاند "بەشداریکردن لە کۆنگرە شانۆگەریێکە و بۆ ئێمە بایەخی نییە"، ئەمە لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە ڕاگەیاندراوە و زیاتر دەڵی "ئەوەی بە لای ئێرانەوە گرینگە بنەبڕکردنی کردەیی تیرۆرە نەک هەڵبژاردەیی.. پشتیوانیی بەهێزمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ عێراق و سووریا بەردەوام دەبێ."
یەکانگیرنەبوونی بەرژەوەندییەکان
جەنگ لە ڕووی کردەنییەوە بەرانبەر بە داعش، بابەتێکە و کۆبووەوەکان ڕۆڵەکان کە ڕەنگە هەندێ کات بە هۆی هەڕەشەی داعشەوە بە بەرژەوەندییەکان یەکانگیر نەبن دەیخەنە بەر باس.لەو ڕووەوە بایەخی هەرە گەورە بۆ تورکیایە، ئەو وڵاتەی کە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆیە و دراوسێی عێراق و سووریاییشە، کە بنکەیەکی سەربازیی گرینگی هەیە کە دەشێ ئەمەریکاییەکان لەوێوە هێرشەکانیان بۆ سەر تیرۆریستانی عێراق بەرپا بکەن. بەڵام ئانکارا هێشتا بەشداریی کردەنی لە پڕۆسەی سەربازیدا ڕەت کردووەتەوە، وەک خۆی دەڵێ بە هۆی ترسی لە 46 هاووڵاتیەکەی کە لە مووسڵ دەستبەسەر کراون و هێشتا لای داعش بارمتەن. هەروەها بە هۆی زیاتر لەو ملیۆن ئاوارە سووریاییەوەیە کە لەسەر خاکەکەینی.
ئەو سەرچاوە دیپلۆماتییە دەڵێ "دەشی لەوە دڵنیا بن، ئەوەی کە لێرە لایەنێک دەیکا، جارێکی دی لەوێ دەستبەرداری نابێتەوە." بە نموونە دەشی ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدا بخەیەنە بەر چاو، زۆرێک لە چاودێران هێمایان داوە بە هۆکاری دژایەتیی نێوان قەتەر و سعوودیە کە پشتیوانیی ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی سووریایان دەکرد، کە بووە داڕمانی ئەو هێزەی ئۆپۆزسیۆن کە بە میانڕۆ ناو دەبرا، کە بووە هۆی بەرفراوانبوونی دەستەڵاتی گرووپە توندڕۆکان.
لای خۆیەوە گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساوە(ڕۆمان نادال) دەڵێ "دەمانەوێ بگەینە ئامانجەکان و تۆکمەیی دەستپێشخەرییەکان، سەربازی، مرۆیی و دارایی"، جەختیشی لە ڕاگەیاندنی بڕیارگەلێک و داڕشتنی پلانی کار کردەوە.
ئەی لەبارەی سووریاوە؟
لە سەروبەندی هەموو ئەو لێدوانانە، بەرەوڕووبوونەوەی داعش لە سووریا هێشتا ڕوون نییە. واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە، ئامادەیە مۆڵگەکانی داعش لە سووریا بکاتە ئامانج و هەڵمەتە ئاسمانییەکانیشی لە عێراق فراوانتر بکات. پێنتاگۆن لە مانگی ئاب ئاماژەی دا کە بۆ لەنێوبردنی داعش دەبێ هێرش بکرێتە سەر مۆڵگەکانیان لە سوووریا.
بەڵام لەندەن و پاریس، کە بە بزوێنەری سەرەکیی ئەورووپاییەکان ناسراون، لەو بارەوە لە دۆخێکی وەتەنگهاتوودان. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەر ڕێوشوێنێکی بە دوور نەبینی، بەڵام وەزیری دەروەی گوتی، لەندەن لە گورزوەشاندنە ئاسمانییەکان بۆ سەر سووریا بەشدار نابێ.
هەرچیی فەڕەنسایشە، پەنا بۆ یاسای نێودەوڵەتی دەبا و هەر جووڵەیەک لە دەرەوەی ئەو یاسایانە بە دوور دەبینێ. چونکە دەرکردنی بڕیاری یوئێن لەو بارەوە بێڕەزامەندیی مۆسکۆ و پەکین پێوەست بە هێرشکردنە سەر سووریا بێئەوەی (بەشار ئەسەد) ڕازی ببێ، بە شیاو نازانرێ. بەڵام ڕۆژئاواییەکان وەک سەریکێک بۆ لەبەینبردنی تیرۆر ڕەتی دەکەنەوە. سەرۆکی فەڕەنسا(فڕانسوا ئۆلاند) پێشتر ڕایگەیاندووە، "تەنانەت بیر لە هیچ جووڵەیەک بکرێتەوە ئەگەر پێوەندی بە (ئەسەد)-ەوە هەبێ."
لەمڕووەوە ئەو سەرچاوە دیپلۆماتییە بە ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسای گوتووە، "ئەگەر بمانەوێ کۆنگرەیەکی باش بێ، نابێ گرفتی بێنینە ناویەوە. چەقی کێشە ئێستا عێراقە."
زریان زیاد




