ھێز بۆ ئیزدی و مەسیحییەکان دروست دەکرێت و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێک دەخرێن

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەرگای ناونووسکردنی بۆ گەنجانی مەسیحی و ئیزدی کردووەتەوە بۆئەوەی ھێزیان بۆ دروست بکرێت و دواتریش لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەدا رێک دەخرێن.
بەرێوبەری راگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) بە kdp.infoی راگەیاند: "لەئێستادا دەرگای ناونووسکردنی گەنجانی مەسیحی و ئیزدی کراوەتەوە بۆ ئەوەی ھێزیان بۆ دروست بکرێت و، ئەو ناونووسکردنەش ئێستایش بەردەوامە و گەنجانی ئەو دوو پێکھاتەیە ناوی خۆیان دەنووسن."
(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) روونی کردەوە، "دوای ئەوەی ناونووسی تەواو دەبێت، دواتر فەوجیان لێ دروست دەکرێت و لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگەدا رێک دەخرێن."
دەربارەی ژمارەی ئەو گەنجانەی کە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ئەو یەکانەیشی کە لێیان پێک دێت چەند دەبن، (حیکمەت)رایگەیاند، "جارێ دینار نییە ژمارەی ئەو ھێزانە چەند دەبن و لەئێستادا ھەر گەنجێک ئارەزوو بکات، دەتوانێ ناوی خۆی بنووسێت بۆئەوەی لەو ھێزانەدا بەشدار بێت."
زیاتر گوتی، "مەبەست لە دروستکردنی ئەو ھێزانە، بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی خۆیانە."
بڵند ئیبراھیم




