ڕیاز.. داعش زیاتر لە پەنجا هاووڵاتی دەستگیر کردوون

ریاز-KDP.INFO- لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا كە چەكدارانی داعش لە گوندەكانی دەوروبەری ناحییەی ڕیاز ئەنجامیان داوە، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتییان دەستگیر کردوون.
عەمید (سەرحەد قادر) بە KDP.INFO ڕاگەیاند: "لە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەكدارانی داعش لە گوندەكانی سەر بە ناحییەی ڕیاز هەڵساون بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین، لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتییان دەستگیر كردوون، كە لە نێوانیاندا ئافرەت و مێرمنداڵی تەمەن سەرووی دەساڵ هەن."
عەمید (سەرحەد) زیاتر گوتی: "شكستەكانی داعش لەم سنوورە و كوشتنی هەندێك هاووڵاتی لە سنوورەكە وایكردووە كە گومان لە خەڵكی ئەو ناوچانە بكەن كە لەژێر دەستیاندان و، بۆ ترساندنی خەڵكەكە ئەم جۆرە شاڵاوانە ئەنجام دەدەن."
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی هۆزەکانی ناوچەکە بۆ تۆڕی بی بی سی دواوە، كە لەو هەڵمەتەدا (50) هاووڵاتی دەستگیر كراون، هۆكاری هەڵمەتەكەش بەو بیانوویە بووە، گوایە چەند كەسێك لەو سنوورە هەڵساون بە ناونووسكردنی خەڵك بۆ دروستكردنی هێزی (سەحوە) لە دژی داعش، هەوەها ئەوەشی دووپات كردووەتەوە كە، ژن و مێرمنداڵ لەو هەڵمەتەدا دەستگیر كراون.
ناحییەی ڕیاز شارێكی عەرەبنشینی شاری كەركووكە و بە دووری 45 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری كەركووكەوە و ئێستا لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدایە.
هیوا حوسێن ئەمین




