٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتاران: دەبێ پەرلەمان لەبارەی دواخستنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بێدەنگی بشکێنێ

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوا خرا، ئەمەش بە ھۆی رێک نەکەوتن لەبارەی پۆستەکان، پەرلەمانتارێکی دەڵێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان رۆڵی خۆی ببینی و لە ئاست ئەو پرسە زیاتر بێھەڵوێست نەبێت. پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامییش دەڵێ، پەرلەمان دەتوانێ یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەموار بکاتەوە و، ھەڵبژاردنی پارێزگار لە زۆرینەی ڕەھا، بکرێتە زۆرینەی بە ڕێژەیەکی کەم.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد(فەرحان جەوھەر) بە kdp.infoی راگەیاند: "پێویستە پەرلەمان چی دی لە ئاستی دواخستنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بێدەنگ نەبێت، چونکە ھاووڵاتیانی سلێمانی بوونەتە قوربانیی ململانێی لایەنەکان، بۆیە پێویستە ھەرچیی زووە ئەوکێشەیە چارە بکات، ئینجا چ بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەن یاخود بانگکردنیان بۆ پەرلەمان، یان ھەر رێکارێکی یاسایی دی کە پێویستە بگرێتە بەر."
(فەرحان جەوھەر) گوتیشی: "ھۆکاری بێدەنگبوونی ئێمە، بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆیان رێک بکەون و نەبێتە ململانێی سیاسی، بەڵام بەداخەوە ھەرچیی ماوەی یاسایی و دەستووری ھەیە ھەمووی پێشێل کراوە."
ئەو پەرلەمانتارە باوەڕی وایە کە، لایەنەکان بەم شێوەیەی ئێستا رێک نەکەون، بۆیە بە پێویستی دەزانێ پەرلەمان رۆڵی خۆی لە یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەدا ببینێ.
هاوکات ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فرکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی (د.شێرکۆجەودەت) بۆ kdp.infoگوتی، "پەرلەمانی کوردستان دەتوانی ڕۆڵی خۆی لەو پرسەدا ببینێ، ئەگەر پرسەکە بگاتە بنبەست."
(جەودەت) ڕوونی کردەوە "پەرلەمان دەتوانێ یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەموار بکاتەوە و، ھەڵبژاردنی پارێزگار لە زۆرینەی ڕەھا، بکرێتە زۆرینەی بە ڕێژەیەکی کەم، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت و ئەوپرسە یەکلایی بکرێتەوە."
(جەودەت) راشیگەیاند: "پارتییە ئیسلامییەکان، لە ڕوانگای ھەستکردن بە بەرپرسیارەتییەوە نایانەوێت پشتگیریی لایەنێک بکەن بۆئەوەی ئەگەری دووبارە شەڕێکی ناوخۆیی دروست نەبێت و سلێمانی تێیدا ببێتە قوربانی، بۆیە پێویستە رێککەوتن بکرێت"، بەلام ئەو نەیشاردەوە کە "پۆستی پارێزگار مافی گۆڕانە."
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بۆ جاری شەشەم و بەھۆی رێککنەکەوتنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پۆستی پارێزگارەوە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دواخرا.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار