حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى هاوكارى له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات

هەولێر-KDP.info- حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى كرد، به‌شدارانى ئه‌و كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى سبه‌ى دووشه‌ممه، ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاساییشى عیراق و ڕووداوه‌كانى شنگال و ئاوارەبوونى سهدانههزار هاووڵاتى، له پاریس ده‌به‌سترێت، نه‌ك هه‌ر به ته‌نیا له ڕووى سیاسى و سه‌ربازییه‌وه له بارودۆخه‌كه بدوێن، به‌ڵكو ئاوڕێكى جیددیش له ڕه‌وشى مرۆییى ئاواره‌كان بده‌نه‌وه و بتوانن هاوكارى ته‌واو بن بۆ یارمه‌تیدانى سهدانههزار ئاواره‌ى ناوخۆییى عیراق. هه‌روه‌ها داواى كرد وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش ئه‌ركى مرۆییى خۆیان به‌رامبه‌ر به‌و ئاوارانه پێك بێنن كه به‌شێكى زۆریان كوردى ئێزدین، به‌ڵام به‌شێكى به‌رچاویشیان مه‌سیحى و عه‌ره‌بى سوننه‌ى ناوچه‌كانى نه‌ینه‌وان.
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها داوا له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات به ده‌نگ داوكارییهكانییهوه بچێت تا بتوانێت وه‌ك پێویست ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و هاوكارى و یارمه‌تى پێشكه‌ش به‌و ژماره زۆره‌ى خه‌ڵكى ئاواره بكات، كه له ئه‌نجامى هێرشه تیرۆستییه‌كانى داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا، ڕوویان له ناوچه ئارامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به گشتى و سنوورى پارێزگاى دهۆك به تایبه‌تى كردووه و پێداویستییه‌كانیان دابین بكات، به تایبه‌تى كه خه‌ریكه وه‌رزى سه‌رماوسۆڵه ده‌ست پێده‌كات.
ئه‌م داوایانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیر و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تدا هات، كه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ڕه‌وشى مرۆییى ئاواره‌كانى شنگال و ده‌شتى نه‌ینه‌وا و به‌دواداچوونى پێداویستییه‌كانیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14ى ئه‌یلوولى 2014، به سه‌رۆكایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ساز كرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ڕ‌اپۆرتێكى مه‌یدانى ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كان پێشكه‌ش كرا و به تایبه‌تى تیشك خرایه سه‌ر بوارى په‌روه‌رده‌یى و ئه‌و قوتابخانانه‌ى له دهۆك ئاواره‌كانى تیادا نیشته‌جێ كراوه. له‌مباره‌یه‌وه بڕیار درا به زووترین كات ده‌ست به دروستكردنى كامپ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانانه چۆڵ بكرێن و پرۆسه‌ى خوێندن دوا نه‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها بڕیار درا هاوكارییه‌كى ته‌واوى پارێزگار و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى پارێزگاى دهۆك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن وه‌ك پێویست ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببنه‌وه. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى هاوشێوه له دهۆك ساز ده‌كرێت، تاكو له نزیكه‌وه دید و بۆچوونى لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى دهۆك له‌باره‌ى ڕه‌وشه‌كه‌وه بزانرێ.
هه‌روه‌ها بڕیار درا لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى ته‌واویان هه‌بێت و شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عیراق ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كان گفتوگۆ بكات، چونكه ئه‌م قه‌یرانه مرۆیییه له ڕووى پێداویستییه‌كان و قه‌باره‌وه، زۆر له تواناكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌وره‌تره و حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ له‌مباره‌یه‌وه ئه‌ركه یاسایى و ده‌ستوورییه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات.
له كۆتاییدا سوپاس و پێزانینى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش به خه‌ڵكى كوردستان به گشتى و پارێزگاى دهۆك به تایبه‌تى كرا، بۆ ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ى كه هه‌ر له ڕۆژى یه‌كه‌مه‌وه پێشكه‌ش به ئاواره‌كانیان كردووه و ده‌یكه‌ن.




