ڕەنگە سێشەممە وەزیرانی کورد سوێندی یاسایی بخۆن

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت دووسبەی سێشەممە وەزیرانی کورد لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق سوێندی یاسایی بخۆن و دەستبەکار ببن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەردەلان نوورەددین) بە kdp.infoی راگەیاند: وەها بڕیارە رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە، بەڵام هێشتا کارنامەی کۆبوونەوە دیاری نەکراوە و پێشبینی دەکرێت تا ئەو کاتە، پشکی کورد لە حکوومەتی نوێ یەکلایی بکرێتەوە و کوردیش وەزیرەکانی خۆی دیاری بکات و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سوێندی یاسایی بخۆن و دەستبەکار بن."
دەربارەی پرسی ناردنی مووجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، (نورەددین) دەڵێ، "بەوپێیەی کە مووچەکە بە سلفە دەنێردرێت و دەبی وەزیری دارایی دەستبەکار بێت، چونکە بێ ئیمزای ئەو مووچە خەرج ناکرێ."
زیاتر گوتی، "ھەرکاتێک وەزیری نوێی دارایی دەستبەکار بوو، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی ئەیلوول رەوانە دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




