٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

930 جیهادیی فەڕەنسایی لە سووریا و عێراقن.. پاریس تەواو ترسی لێ نیشتووە

سەرچاوە: KDP.info

پاریس-KDP.info-  وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا(بێرنارد کازینۆڤ)، ڕایگەیاند، 36 جیهادیی فەڕەنسایی لە عێراق و سووریا کوژراون. گوتیشی، دامەزراوەکانی وڵاتەکەی ڕێگرییان لە 70 کەس کردووە کە ویستوویانە بچنە سووریا و عێراق و بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی ناوخۆیش نزیکەی 930جیهادیی فەڕەنسایی بۆ جیهادکردن پێوەندییان بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کردووە.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا کە لێدوانی بۆ ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەی ڕۆژنامەی لۆ جۆرناڵ دو دیمۆنشن داوە، ناوەندەکانی ئاگادارکردنەوەی تایبەت بە جیهادییەکان، ئاگاییان لەبارەی گەشتی 350 کەس داوە کە 80-یان مێرمنداڵ و 150-یشیان ئافرەتن. ئەو جیهادیانەیشی گەڕاونەتەوە فەڕەنسا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە و وەک (بێرنارد کازینۆڤ) دەڵێ، هەندێکیان بڕوای تەواویان بەو جیهادەی کردوویانە دەربڕیوە و ئامادەیی خۆیشیان بۆ چوونەوە شەڕ نیشان داوە. لە بەرانبەردا ئەوانی دیکە، بە هۆی ئەو توندوتیژی و هێرشە بەربەرییە وەحشەتناکانەی کە لاموەی بەشدارییاندا لە شەڕەکان بینیویانە، ڕووخاون.
پەرلەمانتار لەسەر لیستی سۆشیالیستەکانی فەڕەنسا(سیباستیان پیتراسانتا) ئێوارەی هەینیی ڕابردوو گوتی، نزیکەی 100 توندڕۆی جیهادی کە لەگەڵ ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و عێراقدا دەجەنگان، گەڕاونەتەوە فەڕەنسا، ئەمەیش پێویستی بە چاودێریێکی توند و ڕێوشوێنی ئەمنیی دیکە هەیە بۆ ئەوەی هێرش بەرپا نەکەن. زیاتر گوتی "بەڵگەمان هەیە دەریدەخات کە، ئەو کەسانەی لە سووریا گەڕاونەتەوە فەڕەنسا دەشێت هێرش ئەنجام بدەن."

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار