سیروان زەهاوی: پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەرەنجامی دیپلۆماسییەتی سەرۆک بارزانییە

هەولێر-KDP.info- چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پیشووی پەرلەمانی عێراق(سیروان زەهاوی)، باوەڕی وایە کە، ئەو بە هاناوەهاتن و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی زلهێزان بۆ هەرێمی کوردستان، دەرهاویشتەی هەوڵە دیپلۆماسییە سەركەوتووەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لە دروستكردنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، (سەرۆك بارزانی) توانی ئەركەكانی بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكات.
چاودێری سیاسی (سیروان زەهاوی) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "لەبەر ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان فیدراڵییە، ئاسان نەبوو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی گەشە پێ بدات، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر ژیرانە و بە سوودوەرگرتن لە ماددەی 121-ی دەستوری عێراق، توانیویەتی پەرە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بدات. لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی یاساكانی تایبەت بە حكوومەت و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە 2005 كە سەرۆكی هەرێم بەرپرسی پەیوەندییەكانە لەگەڵ عێراق و دەرەی ئەو وڵاتە، توانیویەتی مومارەسەیەكی سەركەوتوو بكات بەبێ ئەوەی لە پرەنسیپە یاساییەكان لا بدات، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆڵی لە كردنەوەی كۆنسووڵخانەكان و ئەو كۆمپانیایانەی هاتوون وەبەرهێنان بكەن، هەبووە، چونكە ئەمانە هۆكاری پتەویی ئەو پەیوەندیانەن."
لە کاتێکدا کە لە سنووری پارێزگای مووسڵەوە تا خانەقین، کورد هەڕەشەی داعشی بەسەرەوە بوو، (سەرۆک مەسعوود بارزانی) لە دەرەوەی وڵات بوو و لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییە هەواڵگریانەیشی کە هەی بوون، لە هەوڵی تێگەیاندنی ئەورووپا و کۆکردنەوەی پشتیوانی ئەوان بووە لە بەتەنگەوەهاتنی گەلی کوردستان لە وەها دۆخێکی پڕمەترسیدا، کەچی هەندێک لایەن و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنیان کەوتبوونە گلەیی و موزایەدەکردنەوە کە چۆن دەبێ (بارزانی) لە کوردستان نەبێ، بێئاگا لەوەی کە گەلی کوردستان بەری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی (بارزانی) دەدورێتەوە.
(زەهاوی) جەخت دەکاتەوە کە ئەم هاوکاری و پشتیوانییە نێودەوڵەتییە بە بەرهەمی ئەو هەوڵانەن، ئەو دەڵێ "(سەرۆك بارزانی) لە زۆربەی سەردانەكانیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو كە لەبەر ئەوەی حكوومەتی عێراق پارە و بودجەی هەرێمی كوردستان نادات، هەرێم ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە پەلامار بدرێت، ئەمەیش وڵاتانی هێنایە سەر خەت بۆ بەرگریكردن لە كوردستان."
گوتیشی، "ئەم متمانەیەی دروست بووە، زۆر گرینگە، بۆیە بە كردار كاتێك ئەم نوێنەرایەتیانە لە كوردستان كراونەتەوە، لە كاتی هێرشی داعشدا كەسیان هەرێمیان جێ نەهێشتووە، ئەمە متمانەی ئەو نوێنەرایەتیانەیە بە دۆخی كوردستان و ئەو بەڵێنانەی (سەرۆك بارزانی) لەمەڕ دۆخی كوردستان پێی داون."
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی دەكاتەوە، "جاران هاوكاریكردنی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان تەنانەت وەك باسكردینش قبووڵ نەدەكرا، بەڵام جەنابی سەرۆك هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە هەرێم دەبێت هاوكاریی نێودەوڵەتی بكرێت، ئێستایش ئەو ئاواتە هاتووەتە دی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستانن، خۆ ئەگەر پێشووتر كەسانێك دەیانگوت پێشمەرگە میلیشیایە، ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا و وڵاتانی جیهان ددانی پێدا دەنێن و پشگیریی دەكەن".
دەشێ بگوترێ دەمێكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە سەرکەوتوو بووە، بەڵام رەنگە بۆ هەندێک کەس و لایەن وەک ئێستا ڕوون نەبووبێتەوە، هەڵبەت پێدانی چەك و پێداویستیی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە بەرهەمی بەری هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆكن کە بە گومانەوە لێی دەڕوانرا. ئەم بەدەستهێنانی پشتیوانییەیش لە کاتێکدا بوو کە بە هۆی هەڕەشەکانی تیرۆرەوە، سەرۆكوەزیرانی پێشوو (نووری مالیكی) هەمان داوای لە ئەمەریکا و ئەورووپا هەبوو، بەڵام ڕەت كرایەوە.
(زەهاوی) سلەر ئەو باوەڕەیشە کە، "(سەرۆك بارزانی) لە دوو ئەركدا سەركەوتنی بە دەست هێناوە، وەك فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە، توانی بە كەمترین زیان پێشمەرگە لەم دۆخە ڕزگار بكات. دووەمیش وەك سەرۆكی هەرێم توانی سوود لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان وەربگرێت و وڵاتانی جیهانیشی هێنایە سەر خەت و وزەی دایە پێشمەرگە كە شەڕ بكەن، چونكە پشتیوانیان هەیە."




