نەجیب باڵەتەیی: پێویستە پشكی كورد لە حكوومەتی نوێدا لە دوو رۆژی داهاتوودا یەكلا بكرێتەوە

هەولێر-KDP.INFO- ئەندامێكی پێشووی شاندی دانوستانكاری كورد دەڵێت، پێویستە پەلە لە دیاریكردنی وەزیرە كوردەكان بكرێت بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە سوێندی یاسایی بخۆن و بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بكەن بۆ بڕیاردان لەبارەی خەرجكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
ئەندامی پێشووی شاندی دانوستانكاری كورد (نەجیب باڵەتەیی) بە KDP.INFO-ی راگەیاند، پشكی كورد لە حكوومەتی نوێی عێراقدا چوار وەزارەتە و ئێستایش سێ وەزارەت یەكلا كراونەتەوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی چوارەم لەلایەن بەغداوە یەكلا نەبووەتەوە و پێویستە لەم دوو رۆژەدا ئەو وەزارەتەیش یەكلا بكرێنەوە، بۆ ئەوەی لایەنە كوردیەكانیش لە نێوخۆیاندا ئەو چوار وەزارەتە دابەش بكەن و رۆژی سێشەممەیش سوێندی یاسایی بخۆن و بەشداری لە دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیران بكەن، تا بڕیار بدرێت مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران رەوانە بكرێت، چونكە ئەو كەسانەی (عەبادی) دەستنیشانی كردوون، خۆیان ئاگادار نەبوون كە بۆ ئەو پۆستانە دیاری كراون.
(باڵەتەیی) گوتیشی، "(حەیدەر عەبادی) پۆستە وەزارییەكانی بەپێی خاڵ دابەش كردووە و ئەگەر بە گوێرەی خاڵیش بێت، دوو وەزارەت كە یەكێكیان سیادییە، بۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان دەبێت و وەزارەتێكیش بۆ یەكگرتووی ئیسلامی و وەزارەتی چوارەمیش بۆ كۆمەڵی ئیسلامی دەبێ، بەڵام یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هیچ وەزارەتێكی بەر ناكەوێت و بگرە لە ڕووی خاڵەوە قەرزداریشە، هەروەها گۆڕانیش پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەر كەوتووە و هیچ وەزارەتێكی بەر ناكەوێت".
ڕوونیشی كردەوە، پێویستە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە، چونكە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هیچ بڕیارێك نەدراوە و پرۆتۆكۆڵی بووە، پێشدەچێت لە كۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیار بدرێت، بۆیە بوونی كورد لەو كۆبوونەوەیەدا زۆر گرینگ و پێویستە.
ئەو ئەندامەی پێشووی شاندی دانوستانكاری كورد، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، دوای ئەوەی مووچەی مانگی ئەیلوول خەرج دەكرێت، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێك دێت، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی پێشوو دابنرێت، بەڵام ئەو بڕەپارەیەی لێ دەبڕدرێت كە هەرێمی كوردستان نەوتی فرۆشتووە.
بڵند ئیبراهیم




