بروسك شاوێس: بڕیارمان داوە دەنگ بدەین بە گۆڕان.. یەكێتی وەک هاووڵاتی پلە دوو و سێ مامەڵەی لەگەڵدا کردووین

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت، هەرکام لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لە نێو ئیدارەی پارێزگای سلێمانیدا نەبن، ئەوا سەقامگیری نایەتە ئاراوە و لە وەها دۆخێکیشدا گرینگە کە ئارامی و سەقامگیری لە هەر ناوچەیەکی کوردستان بەرجەستە ببێ. ناشیشارێتەوە کە بە هۆی مامەڵەی چەند ساڵەی یەكێتییە لە سلێمانی بەرانبەر پارتییەکان، دەنگ بە گۆڕان دەدەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی (بروسك نووری شاوێس) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گۆڕان و یەكێتی ڕێك بكەون و وەك پارتی ئەگەر پۆستیشمان نەدەنێ ڕازین، گلەییشمان لە یەكگرتوو و كۆمەڵ كردووە كە چوار ساڵ هاوپەیمانی گۆڕان بوون و ئێستایش لە پشگیرییان پاشگەز بوونەتەوە."
(بروسک شاوێس) ڕوونی کردەوە، "گۆڕان و یەكێتی ڕێك نەكەون، ئەم ئەنجوومەنە ئارام نابێت، بۆیە ئارامی لە پۆست گرنگترە، بە كەسیشمان نەگوتووە دەنگ بە كێ بدەن و ئەگەر پرۆسەكەیش بكەوێتە دەنگدانەوە، ئێمە بەڵێنمان داوە دەنگ بە گۆڕان دەدەین و پارتی تا نیوەی ڕێگە لەگەڵ كەس ناڕوات، بەڵكە تا سەر دەڕوات."
ئەو هەروەها دەشڵێت، "هۆكاری دەنگدان بە گۆڕانیش، بۆ ئەو مامەڵەیەی یەكێتی دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ پارتی كردوویانە لە ئیدارەی سلێمانی و بە هاووڵاتیی پلە دوویش هەژمار نەكراون."
ئەو جەختی کردەوە، "ڕای پارتی ئەوەیە کە، 10 ساڵ گوتووێژ چاکترە لە ململانێیەک کە کارەساتی بۆ شارەکە بەدوادا بێ، بۆیە پێمان باشترە هەروەک چۆن 80 ڕۆژە ئەو دوو لایەنە براوەیەی سلێمانی کە جەماوەری خۆیانیان هەیە ڕێک نەکەوتوون، با هەفتەیەک دە ڕۆژی دیکەیش گفتوگۆ بکەن تا ڕێک بکەون، بەڵام ئەگەر بڕیار بێ ڕێک نەکەون و ئەو پرسە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەوا ئەو کات دەنگ دەدەین بە گۆڕان."
هۆکاری ئەوەیشی کە ئەگەر پۆستی پارێزگار بخرێتە دەنگدانەوە و دەنگی پارتی بۆ گۆڕان دەبێ، ڕشکاوانە گوتی، "یەكێتی بەرنامەی ئەوە بووە پارتی لە ئیدارەی سلێمانیدا پشتگوێ بخات، بۆیە ئەم سیاسەتە لەلایەن لایەنگرانی پارتییەوە ڕەت دەكرێتەوە. ئەم بڕیارەمان کە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای سلێمانییە، دەرهاوێشتەی شێوازی مامەڵەی چەند ساڵەی یەکێتییە لە سلێمانی بەرانبەر بە ئەندامان و جەماوەری پارتی، لەسەر ئەو بنەمایەش کە تا نیوەی ڕێگا لەگەڵ کەس و هێچ لایەنێکدا ناڕۆین و بەڵێنمان تا سەر دەبێت و دەنگی خۆمان دەدەین بە گۆڕان."
گوتیشی، "برادەرانی یەکێتی لە پەنا ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئیش و کاری ئەوە بووە پارتی لەو شارەدا پشتگوێ بخات و هەوڵیداوە ئەندام و کادیرانی لە کۆی ناوەندەکان بۆ خۆی ڕابکێشێ."
بەكر و كارزان هەورامی




