سەرۆکایەتیی هەرێم، سەربڕینی چالاکوانە بەریتانیاییەکە ڕیسوا دەکات.. نیشانەی ئەوپەڕی بەدڕەوشتی و بێپڕەنسیپیی تیرۆریستانی داعشە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەربڕین و كوشتنی (دەیڤید هاینز)-ی چالاكوانی بەریتانیایی كە ماوەی ساڵێكە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە بارمتە گیرابوو، بە نیشانەی ئەوپەڕی بەدڕەوشتی و بێپڕەنسیپیی تیرۆریستانی داعش ناو دەبات و بە توندییش ئەو کردارە ڕیسوا دەکات.
دەقی لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەربڕینی هاووڵاتییەكی بەریتانیایی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە
ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا هەواڵی سەربڕینی هاووڵاتی بەریتانیایی (دەیڤید هاینز)-ی ڕاگەیاند. سەربڕین و كوشتنی ئەم چالاكوانەی بەریتانیا كە ماوەی ساڵێكە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە بارمتە گیرابوو، نیشانەی ئەوپەڕی بەدڕەوشتی و بێپڕەنسیپیی تیرۆریستانی داعشە و بە توندی ئیدانەی دەكەین.
ئەم كردارە قێزەوەنە ئاماژەیەكە لە بەردەوامبوونی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە لە پێشێلكردنی هەموو جۆرە بەهایەكی ئاسمانی و مرۆڤی. بۆیە لەناوبردن و ڕیشەكێشكردنی ئەم ڕێكخراوە مەترسیدارە زەروورەتێكی بەپەلەیە كە دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامی بدات.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
14ـی 9ـی 2014




