٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکھاتەی شەبەک: پێکھێنانی ھێزێکی تایبەت بە کوردانی شەبەک رەت دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info
نوێنەری پێکھاتەی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق (مەلا سالم شەبەک)

بەغدا-KDP.INFO- (حەنین قەدۆ) وەک نوێنەری پێکھاتەی شەبەک بەشداری لە کۆنفرانسیێکی تایبەت بە ئاوارەکان کردووە لە بەغدا و تێیدا داوای کردووە، ھێزی تایبەت بە کەمینەکان دروست بکرێت و سەر بە حکوومەتی ناوەندییش بن، بەڵام نوێنەری فەرمیی پێکھاتەی شەبەک دەڵێت، ئەمە قبووڵ ناکرێ، (قەدۆ) بە ناوی پێکھاتەی شەبەکەوە  قسە بکات و پێکھێنانی ھێزی تایبەتیش رەت دەکەنەوە، مەگەر لە چوارچێوەی ھێزی پێشمەرگە دروست بکرێت.
نوێنەری پێکھاتەی شەبەک لەپەرلەمانی عێراق (مەلا سالم شەبەک) بە KDP.INFOی راگەیاند: "(حەنین قەدۆ) بە ھیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی کوردانی شەبەک ناکات و قبووڵی ناکەین بە ناوی ئێمەوە قسە بکات و داوای ھێزی تایبەت بە شەبەک بکات، چونکە ئێمە داوامان کردووە ھێزێک لە گەنجانی شەبەک دروست بکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی ھێزی پێشمەرگەدا بێت.. بۆئەو مەبەستەش نووسراوێکی فەرمیم ئاراستەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە و چاوەڕوانی وەڵام دەکەین."
نوێنەری پێکھاتەی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئەگەر ھەر پێکھاتەیەک ھێزێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات، ئەوکات کێشە دروست دەبێت، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک ئەو داواکارییەی (حەنین قەدۆ) رەت دەکەینەوە."
(شەبەک) رەخنەشی لەولایەنانە گرت کە (حەنین قەدۆ)-یان وەکو نوێنەری پێکھاتەی شەبەک لەو کۆنفرانسە بەشداری پێ کردووە و گوتی، "من ئێستا لە ھەولێرم وھەرکاتێک بگەڕێمەوە بەغدا نووسراوێکی تایبەت ئاراستەی ھەموو لایەنەکان دەکەم، تێیدا ڕایدەگەیەنم، قبووڵ ناکەم بە ھیچ شێوەیەک جارێکی دیکە (قەدۆ) وەک نوێنەری پێکھاتەی شەبەک بەشداری پێ بکرێت، چونکە من نوێنەری فەرمیی شەبەکم."
بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار