میرانی: باشە قەندیلی یەكەم چیی بۆ كورد كرد تا قەندیلی دووەم بیكات؟

هەولیر-KDP.INFO- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی پارتیی كرێكارانی كوردستان و راگەیاندنی سەر بە PKK كە بڵاویان كردەوە، كە پێشووتر هۆشدارییان داوەتە پارتیی دیموكراتی كوردستان بەوەی مەترسی لەسەر شنگال هەیە و پێویستە رێگا بە PKK بدرێ بچێت رزگاری بكات، (فازڵ میرانی) گوتی: "ئەگەر وایە بۆ ناچن رزگاری بكەن، ئەوان چەندین جار لە میدیاكانی خۆیان گوتیان، گەریلاكانی ئێمە گەیشتوونەتە نێو شنگال و شنگالمان ئازاد كردووە، بەڵام دەركەوت وا نەبوو".
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان(فازڵ میرانی)، لەبارەی داعش و هەڕەشەکانییەوە، بە تەلەڤزیۆنی رووداوی رایگەیاندووە، داعش لەلایەن هەندێك لایەنەوە دروست كراوە و بۆ مەرامێكی تایبەتە، "ئەوەی داعش دەیكات بە دەستی داعش بووە، بەڵام بە دڵی زۆران بووە".
(فازڵ میرانی) پێی وایە دوای ئەوەی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی پێك دێ، داعش خۆی ئاشكرای دەكات، كە كێ لە پشتییەوە بووە و "بە ئاشكرا بەر لەوەی بەتەواوی لەناو بچێت، پێیان دەڵێ كە ئێوە بوون ئێمەتان بە كار هێنا".
لەبارەی ئەو نیگەرانییانەی كە توركیا خستوویەتە ڕوو، کە مەترسیی ئەوەیان هەیە ئەو چەكانەی دەدرێنە كورد بكەوێتە دەستی پەكەكە، بۆیە چەک بۆ باشووری کوردستان نانێرن، (میرانی) دەڵێ: "ئەمە بەهانەیەكە بۆ ئەوەی چەك نەگاتە دەستی كورد، هەموو ئەو وڵاتانەی هاوكاریی كوردیان كردووە چەكیان ناردووە، هیچ كامیان ئەو مەترسییەیان نەبووە و داوایەكی لەم جۆرەیان نەكردووە".
لەبارەی هەڵوێستی پارتیی كرێكارانی كوردستان و راگەیاندنی سەر بە PKK كە بڵاویان كردەوە، كە پێشووتر هۆشدارییان داوەتە پارتیی دیموكراتی كوردستان بەوەی مەترسی لەسەر شنگال هەیە و پێویستە رێگا بە PKK بدرێ بچێت رزگاری بكات، (فازڵ میرانی) گوتی: "ئەگەر وایە بۆ ناچن رزگاری بكەن، ئەوان چەندین جار لە میدیاكانی خۆیان گوتیان، گەریلاكانی ئێمە گەیشتوونەتە نێو شنگال و شنگالمان ئازاد كردووە، بەڵام دەركەوت وا نەبوو".
(میرانی) هەروەها گوتی: "ئەگەر ئەوان دەڵین چیای شنگال دەكەینە قەندیلی دووەم، باشە قەندیلی یەكەم چیی بۆ كورد كرد تا قەندیلی دووەم بیكات؟، ئەگەر خەڵكی شنگالیش بژاردەی ئەوەیان لەپێش بێت كە پەكەكە هەڵبژێرن كەس رێگایان لێ ناگرێت".
(فازڵ میرانی) هاوکات ناڕەحەتی خۆی بۆ پەیوەندیی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی دەردەبڕێت و دەڵێت: "ئێمە دەبێ هاوبەش و برا بین، بەڵام ئێستا برایەتیمان وەلا ناوە، كە ئەمە مەترسیدارە، ئەمە دەرگایەكی مەترسیدارە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان".
لەبارەی درەنگكەوتنی پێكهاتنی یەكێتی و گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگای سلێمانی گوتی، "پارتی نایەوێ و لە فەرهەنگی سیاسیی پارتیدا نییە بڵێ یەكێتی و گۆڕان بەربنە یەكتر و پارتیش تەماشاكەر بێت، ئێمە شەو و رۆژ لە هزری ئەوەداین چۆن ئەمنیەتی سلێمانی دەپارێزین".
ئەو زیاتر گوتی، "بیرۆكەی گرتنە دەستی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ یەكێتی و گۆڕان، "پێشنیازی ئێمە بووە و ئێستا ئەو پێشنیازە جێی گرتووە و كێشەكە ماوەتەوە سەر ئەوەی دوو ساڵی یەكەم كامیان بێت"، ئاماژە بەوەش دەكات، "نە یەكێتی بێ گۆڕان، نە گۆڕان بەبێ یەكێتی دەتوانێ حوكمی سلێمانی بكات".




