ئەمەریکا دژی بەشداریکردنی ئێرانە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەربارەی داعش

ئەمەریکا-KDP.INFO- وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رەتی دەکاتەوە، ئێران لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە بەشدار بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا(جۆن کیری)، ئەمڕۆ لە ئانکارا رایگەیاند: "ئەمەریکا رەتی دەکاتەوە ئێران لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش ئامادە بێت، کە وەها بڕیارە دووشەممە لە فەڕەنسا ساز بدرێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: "بەشداریکردنی ئێران لەو کۆنفرانسەدا لەجێی خۆیدا نییە، ئەمەش بە ھۆی پشتگیریکردنی ئەو وڵاتەیە لە سووریا."
شیاوی باسە، (کێری)، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە داعشە، چەند ڕۆژێکە هاتووەتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەردانی هەریەک لە میسر، عێراق، ئەردەن و سعوودیەی کردووە و بۆ ڕازیکردنی تورکیایش بۆ چوونە نێو ئەو هاوپەیمانەتیە و بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئیستا لە ئانکارایە.
بڵند ئیبراھیم




