٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کورد لە کۆنگرەکەی پاریس بەشدار دەبێ.. سەرۆک ئۆلاند: هاوکاریمان بۆ کوردستان زیاتر دەبن..

سەرچاوە: KDP.info
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆک بارزانی و سەرۆک فڕانسوا هۆلاند. هەولیر-ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-  سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، کوردستان بەو سرووشتەیەوە جوانە کە زۆرێک لە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی لەخۆ گرتووە و دەیانپارێزی، ئەمە بە لای ئەورووپاوە پڕبایەخە. (فرانسوا ئۆلاند) گوتیشی، هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن و لە ڕۆژانی داهاتوویشدا زیاتر دەبن.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە ئەم ئێوارەیە ساز درا، هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) ڕایگەیاند، "سوپاس بۆ ئێوە کە پشتیوانی گەلی کوردتان کرد، سەردانی ئێوە وەک خاڵێکی بەهێزی پێوەندیی نێوان کوردستان و فەڕەنسایە، سەردانی ئێوە کاریگەریی گەورەی لە بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگە هەبوو."
(سەرۆک بارزانی) هاوکات گوتی، "دەمەوێ دووپاتی بکەمەوە کە پێداگری لە جەنگ دژ بە تیرۆریستان و بنەبڕکردنیان دەکەینەوە، کە مەترسیی بەسەر ئاشتی و ئاساییشی جیهان، ئەو هەوڵانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لێ وەبەر هات."
زیاتر گوتی، "جیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان ئەرکی دیکەمان لەسەر شانە کە گێڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ شوێنی خۆیان"، گوتیشی "بە هۆی هاوکاریی ئێوە و دۆستانەوە، پێشڕەویی بەرچاو هاتوونەتە دی و، پێشمەرگەیش ڕۆژانە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن. بڕوای تەوامان هەیە کە بە هەوڵی هەردوولا، ئەوە بە دی بێنین کە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و جیهاندایە."
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا سەرۆکی فەڕەنسا(فڕانسوا ئۆلاند) گوتی، "سەردانم بۆ هەولێر کاریگەر بوو، پێوەندییەکی مێژوویی هەبووە و پێشتریش پشتیوانیمان کردوون، ئەم سەردانە کاریگەری دەبێت و هەموو ئەو کەرەستانەی بەردەستمان دەخەینە دەست ئێوە، تا هاوکاریی ئاوارەکانی پێ بکەن"، گوتیشی "شانازی بەوەوە دەکەین کە خاوەنی بیرۆکی سیاسەتی پشتیوانیکردنین لە ئێوە."
زیاتر گوتی، "ئێمە وەک ئەورووپا لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ پەنابەران بەردەوام دەبین و چارەسەری ئەو خێزانانەیش دەکەین کە کشێەیان هەیە و پێسوازییشیان لێ دەکەین. بەڵام ئەوەی بەلامەوە گرینگ و ثڕبایەخە ئەوەیە، پەنابەران دەیانەویست بگەڕێنەوە ناوچەکانیان."
سەرۆکی فەڕەنسا دەربارەی پێشمەرگەیش ڕایگەیاند، "بە سەرسامییەوە لە پێشمەرگە دەڕوانم کە توانیویانە زەبری کوشندە لە تیرۆریستان بدەن."
سەرۆکی فەڕەنسا زیاتر گوتی "کاتێک پەیامتان نارد بۆ هاوکاری، ئێمە ئەو هاوکارییەمان نارد و دیارە ئێوەیش توانیوتانە سوودی لێ ببینن. هەروەها بە هۆی هاوکارییەکانمانەوە توانیوتانە هاوسەنگیی هێز بگۆڕن."
ئەو دەڵێ، "هاوکارییە سەربازییەکانمان بەردەوام دەبن و زیاتریش دەبن.. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنگرەیەکیش لە پاریس دەبەسترێ و شاندێکی هەرێمیش تێیدا بەشدار دەبێت."
(سەرۆک ئۆلاند)"دەمەوێ بڵێم کوردستان نموونەوی دروستکردنی کۆمەڵگایەکە کە دەتوانرێ تێیدا پێکهاتە جیاوازەکان بژین. پێویستە لەسەرمان ئەو فرەییە بپارێزین."

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار