دواکەوتنی دەستبەکاربوونی وەزیرانی کورد زیانی دەبێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی شاندی پێشووی کوردی دەڵێت، پێویستە وەزیرانی نوێ پەلە بکەن لە سوێندخواردن و، دەستبەکار بن، چونکە دواکەوتنی زیانی بۆ کورد دەبێت.
ئەندامی شاندی پێشووی کوردی(زانارۆستایی) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە دوای راگەیاندنی کابینەی نوێ، ئێمە وەکو شاندی کوردی دواکۆبوونەوەی خۆمان ساز کرد و کۆتایی بە ئەرکی ئێمە ھات، بۆیە لەئێستادا ئەرک دەکەوێتە سەرشانی وەزیرانی تازە و ئەو لیژنە تەکنیکیانەی لەنێوان ھەرێم و بەغدا دروست دەکرێن."
(زانا ڕۆستایی) گوتیشی: "چوار وەزارەت لە حکوومەتی عێراق بۆ کورد دیاری کراون، کە وەزارەتی دارایی، رۆشنبیری، کۆچ وکۆچبەران و بڕیار بوو وەزارەتی مافی مرۆڤیش بە کورد بدرێت، بەڵام لە کاتی راگەیاندنی حکوومەت ئەو وەزارەتە درا بە لایەنێکی دیکە و، هێشتا دیار نییە چ وەزارەتێکی دیکە دەدرێت بە کورد."
(رۆستایی) روونیشی کردەوە، "هێشتا وەزیرانی کورد دیاری نەکراون، بەڵام گرینگە دیاری بکرێن، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران دەستی بە کۆبوونەوەکانی خۆی کردووە و ئەگەر لەوێ ئامادە نەبن، ئاگادار نابن چ بڕیارێک دەدرێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە دیاریکردنی وەزیرەکان."
ئەوەشی دووپات کردەوە، کە پێویستە لە یەکەم ھەفتەی دەستبەکاربوونی حکوومەت، مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




