بەڵێنیان دا شەڕی داعش بکەن.. ئەمەریکا و دە وڵاتی عەرەب هاوپەیمانەتییان پێک هێنا.. تورکیا لە بەیاننامەکەدا بەشدار نەبوو

هەولێر-KDP.INFO- وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، میسر، لوبنان، ئەردەن و عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە و پاش کۆبوونەوەیان لە جەددەی سعوودیە، جەختیان لە پابەندبوونیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردەوە.
ئەو دە وڵاتە و ئەمەریکایش لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەیاندا جەختیان کردەوە لە، پابەندبوون بە یەکگرتووییان دژ بە مەترسیی تیرۆر بەسەر ناوچەکە و جیهان، کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشە. بەڵام تورکیا سەرباری بەشداربوونی لە کۆبوونەوەکە، لەم بەیاننامەیدا بەشدار نەبوو.
بەپێی بەیاننامەکەی ئەو یازدە وڵاتە، ڕازیی بوون بەوەی هەریەکەیان ڕۆڵی خۆی لە جەنگ دژ بە داعش بە جێ بگەیەنێ. ئەو وڵاتانە وەهایان ڕاگەیاند کە ئەم هاوپەیمانەتییە بەر بە پێوەندیکردنی چەکدارانی بیانی دەگرن لە ڕێی وڵاتانی درواسێیانەوە، هەروەها بەرگرتن لە پشتیوانیکردنی داعش و کۆی توندڕۆکان، هاوکات بنەبڕکردنی ئایدیۆلۆژیاکەی کە لەسەر بنچینەی ڕقلێبوونەوە بنیات نراوە، بەسزاگەیاندنی تۆمەتباران و ئەوانەی کە پێوەندییان پێیانەوە هەیە و ڕادەستکردنیان بە دادگا، بەشداریکردن لە هەڵمەتی هاوکاریی مرۆیی و هاوکاریی بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش، هەروەها پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانەی کە بەرەوڕووی مەترسیی گەورەی داعش بوونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا(جۆن کێری) گوتی، وڵاتانی عەرەبی ڕۆڵی سەرەکی لەو هاوپەیمانەتییەدا دەبینن کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات و دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام هیچ وڵاتێک ئامادەیی خۆی نیشان نەداوە تا هێزی پیادە بۆ ئەو هەڵمەتە ڕەوانە بکات.
زریان زیاد




