٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێمن هەورامی: هەندێک‌ لایەن لە بادینان دۆڕاون، دەیانەوێت بە موزایدەكردن بە ئەنفالی شنگالەوە پارتی لەكەدار بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پ د ك(هێمن هەورامی) رایگەیاند، هەندێ‌ لایەنی سیاسی بە درێژایی مێژوو لە بادینان دۆڕاون، لە ئێستایشدا دەیانەوێت بە موزایەدەكردن بە كارەساتی شنگال، كە بە ئەنفالێكی تری كوردی چواند، پارتیی دیموكراتی كوردستانی پێ‌ لەكەدار بكەن.

(هێمن هەورامی) دەربارەی شنگال زیاتر گوتی، "شنگال هەموو كات قەڵای زەردی پارتی بووە، هەر بە زەردییش دەمێنێتەوە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، لێدوانەكەی شەوی رابردووی (سەرۆک ئۆباما)-یشی بە وەرچەرخانێكی گەورەی ستراتیژی باو برد، كە تێیدا باسی لە پڕچەككردنی هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان و پشتیوانیی گەلی كورد کرد، جەختیشی کردەوە، هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا كارەكتەرێكی كارتێكەرە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە كوردستان روو بدات، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاریگەری دادەنێت و بە پێچەوانەیشەوە.
ئەو قسانەی (هێمن هەورامی) لە چوارچێوەی ئەو سیمینارە جەماوەرییەدا بوون کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لایەن لقی 26-ی گوڵانەوە، بە بۆنەی هەڵگیرساندی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بۆی ساز درابوو.
(هەورامی) لە سیمینارەکەدا ڕۆشنایی خستە سەر زەروورەتی ئەو شۆڕشە لەو کات و ساتەدا و، بە یەكەم شۆڕشی زانی، كە توانیبێتی گەلی كورد، لە شێوەی رێكخراوی سیاسی و سەربازییدا، لەژێر چەتری نەتەوەییدا كۆ بكاتەوە.
گوتیشی، شۆڕشی ئەیلوول وایكرد حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بەرەو دانوستان پەلەكێش بكات و گەلی كورد بێنێتەوە بەر دیتی جیهان، گەورەیی و سەركەوتنی شۆڕشەكەیشی گەڕاندەوە بۆ رابەڕایەتیی راستەوخۆی (مستەفا بارزانیی نەمر) كە ئەوكات بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی و ئازادیی میللەتەكەی ئەم شۆڕشەی بەرپا كرد، "ئێستایش بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك مەسعوود بارزانی)، لەو ئاواتە نزیك بووینەتەوە."
لە بەشێكی تری سیمینارەكەدا گۆڕانكارییە هەنوکەییەكانی ناوچەكە و عێراق و كوردستانی خستنە بەر باس، هاتنی داعشی لە مانگی 1-ی 2014 بۆ عێراق و دەستبەسەرداگرتنی مووسڵی لە 9ی حوزێران و پەلاماردانی هەرێمی كوردستانی بە وردی بۆ ئامادەبووان شیی كردەوە. (هەورامی) ئاماژەیشی بە چەند قۆناخێك کرد، کە وەک ئەو گوتی پلانیان بۆ داڕێژراوە و، بە شەڕێكی درێژخایەنیشی ناو برد.
(هێمن هەورامی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە هەندێ‌ لایەنی سیاسیی كرد، كە خەریكن كارەساتی نەتەوەیەك بە لاڕێدا دەبەن و دەیانەوێ بیكەنە موزایەدەیەكی سیاسی بۆ لەكەدارنی پێگەی پ د ك لە ناوچەكەدا، زیاتر ڕوونی کردەوە، "بە درێژایی مێژوو ئەو لایەنانە لە بادینان لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیدا دۆراون"، گوتیشی "شنگال دووبارەبوونەوەی ئەنفال بوو، نابێت بە شكستی هیچ لایەنێك دابنرێت."
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی كوردستانیش لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا، (هەورامی) رایگەیاند: "ئێستا گەلی كورد گەیشتووەتە ئاستێك كە لە وتارەكەی (ئۆباما)-دا چەند جار ئاماژەی بە پڕچەككردنی پێشمەرگە و شەڕی داعش و پەنادانی ئاوارەكان دا." هەروەها باسی لەو دۆخە كرد كە ئێستا كوردستان پێیدا تێ دەپەرێت و، گوتیشی "دەبێت بە دۆخێكی هەستیاری ببینین، چونكە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان روو دەدات، كاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت و لە هەمانكاتدا ئەو رووداوانەش كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو دەدەن كوردستان بێبەش ناكەن."

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار