كادیرانی پارتی: شۆڕشی ئەیلوول هەوێنی سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- كادیرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا ئومێدی داهاتووی كوردستان بە خەباتی نەپساوەی شۆڕشەكانی گەلی كورد دەبەستنەوە و، پێیان وایە شۆڕشی ئەیلوول هەوێنی سەركەوتنە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستان بووە كە ئێستا بەری ڕەنجی دەچنرێتەوە.
ئەندامی دەستگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عومەر بەكر) بۆ KDP.info گوتی، "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرەی ئازادیخوازان و یەكسانخوازانی كورد و كوردستانیان بوو، كە سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان تێیدا بەشدار بوون و، بنیادنەری بەهێزترین بناخەی بەرەوڕووبوونەوەی داپڵۆسین و جوداكاری بوو كە تا ئەمڕۆیش كاریگەرییە ئەرێنییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی بە ڕوونی دەبینرێن.. ئەو شۆڕشە كە بە سەركردایەتیی پارتی و رێبەرایەتیی كاریزمای كورد (بارزانیی نەمر) هەڵگریسا و بە پاڵپشتیی جەماوەری كوردستان بەردەوام بوو، بەر لە هەر شتێك سەنگەری كۆكردنەوەی كوردستانیان و رێكخستنی توانای سەرجەم چینوتوێژەكان و كۆكەرەوی خواست و داواكارییەكانی كورد و كوردستانیان بوو بۆ بە ئازادی ژیان و وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان، پاشان وەكو شۆڕشێكی چەكداری، تاكە میكانیزمی گونجاوی خەباتی ئەوكاتی نەتەوەكەمان بوو بۆ گەییشتن بەو خواست و داوا رەویانە".
گوتیشی، "شۆڕشی مەزنی ئەیلوول جیاوازییە كۆمەڵایەتییەكانی كاڵ كردەوە و ئینتما بۆ خێڵ و بنەماڵە و چینە جیاوازەكانی ناخی كۆمەڵگای كوردستانی گۆڕی بۆ ئینتیمابوون بۆ نەتەوە و نیشتمان، تاكی كوردی بەرانبەر بە مافەكانی هۆشیار كردەوە و مەودای هزر و تموحاتەكانیانی فراوانتر كرد بۆ داهاتوو، هەر بۆیە لە مێژووی شۆڕشەكانی نەتەوەی كورددا شۆڕشی ئەیلوول سەرتاپاگیرترین و پڕدەسكەوترین شوڕشی كورد بوو كە رژێمی ئەوسای عێراقی ناچارركرد بە دانوستان و رێككەوتننامەی 11-ی ئاداری ساڵی 1970-ی لێ كەوتەوە وەكو یاساییترین بەڵگەنامەی دداننان بە مافەكانی كورد و بەمەیش دۆزی رەوای نەتەوەیەكی ستەمدیدەی گەیاندە ناوەندە جیهانییەكان و بوونی نەتەوەییمانی سەلماند و گیانی مقاوەمەت و بەرگری و بەگژداچونەوەی ناحەقییەكانی لە ناخی كورددا بەهێتركرد و بووە هەوێنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز و راپەڕینی سەرتاسەریی كودستان لە بەهاری 1991دا و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو یەكەمین ئەزموونی حوكمڕانیی كوردان ".
هاوکات كادیری پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەیشان عەلی) بۆ KDP.info ئاماژە دەدات، "ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا هاتووەتە بەرهەم، لە ئەنجامی ڕەنج و خەباتی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بووە، ئەو شۆڕشەی هەزاران پێشمەرگەی لە پێناوی ڕزگاركردنی كوردستان كردە قوربانی، ئێستایش ئێمە وەك كادیر و ئەندامانی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئومێدی داهاتووی خۆمان لەسەر ئەو شۆڕشە، دەكەینە ڕێگایەك تا ئەو كاتەی هەموو گەلی كورد بە ئاواتی خۆی دەگات، لەو ڕۆژە پیرۆزەدا پەیامی ئاشتی و برایەتیی خۆمان بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان دووپات دەكەینەوە كە ئەوەی كورد كردوویەتی دەستدرێژیكردن نەبووە لەسەر خاكی وڵاتێك یان لایەنێك، بەڵكە سادەترین داواكاریی خۆمان بووە كە بە ئازادی لەسەر خاكی وڵاتی خۆمان بژین".
دەشڵێت، "لەم ڕۆژەدا حەقە ئازایەتی و تێكۆشانی ئافرەتانی بەشداربووی شۆڕشی ئەیلوول لە بیر نەكەین، چونكە لە پاڵ پێشمەرگە قارەمانەكاندا هەزاران ئافرەتی كورد هاوكاری شۆڕش بوون چ لە دابینكردنی پێداویستیی خۆراك و چ لە یارمەتیدانیان لە بەرەكانی شەڕدا، ئێستایش ئافرەتانی كوردستان بە ئازادی لە كوردستاندا شانبەشانی پێشكەوتنی كوردستان ڕۆڵیان هەیە و لە سەرجەم ناوەندە سیاسییەكان و پەرلەمان و حكوومەتدا بوونیان هەیە كە پێمان وایە سەرجەم ئەو دەسكەوتانە لە ئەنجامی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بووە".
ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكان (بەسام عەلی) بە KDP.info-ی گوت، "شۆڕشی ئەیلوول بە مەزنترین شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دادەنرێت، نەوەی سەردەمی شۆڕش رۆحیان كردبووە قوربانی بۆ گەییشتن بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە كۆمەڵێك تایبەتمەندی دەناسرێتەوە كە جودای دەكاتەوە لە شۆڕشەكانی پێش خۆی، لەوانە شۆڕشی سەرتاسەریی كوردستان بوو لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، سەرجەم پارچەكانی كوردستانی دابەشكراو بەشدار بوون لەم شۆڕشەدا، ئەم تایبەتمەندییە تایبەتە بە شۆڕشی ئەیلوول و لە شۆڕشەكانی تردا بە دی ناكرێت.هەروەها بوونی سەركردەیەكی كاریزمای وەكو ژەنەراڵ (مستەفا بارزانی) بە خاڵی بەهێزی ئەم شۆڕشە دادەنرێت، كاریزمایی (بارزانیی تەمر) وای كردبوو بەشەكانی تری كوردستان بەشداریی شۆڕشەكە بكەن، بەشداربوونی (بارزانی) لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد هۆكارێك بوو كە سەرجەم پارچەكانی كوردستانی دابەشكراو بەشداری شۆڕشەكە بن و بە شۆڕشی خۆیانی بزانن".
زیاتر گوتی، "لە لایەكی دیكەوە مانەوەی (بارزانیی نەمر) لە یەكیەتیی سۆڤیێت هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی باشتر ئاگاداری پەیوەندییە نێودەوڵتییەكان بێت و لە نیازی زلهێزەكانی جیهان بگات، لەگەڵ ئەمانەیشدا (مستەفا بارزانی) پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتیی زۆر بەهێزی هەبوو كە بە یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی شۆڕشەكە دادەنرێت، شارەزایی (بارزانی) لە زانستی سەربازی، هۆكارێكی تر بوو كە ئەم شۆڕشە بەو شێوەیە بەهێز بێت".
(بەسام) هەروەها ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، "لە رووی سەربازی و ژمارەی پێشمەرگەوە شۆڕشی ئەیلوول لە ریزبەندی یەكەمینی شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە، بە جۆرێك زێدەڕۆیی نییە گەر بگوترێت بەشێكی زۆری رۆڵەكانی كوردستان پێشمەرگەی ئەم شۆڕشە بوون. هەروەها تایبەتمەندییەكی تری ئەم شۆڕشە ئەوە بوو، رێژەیەكی زۆری ئافرەتان بەشداری شۆڕش بوون و هاوكاریی پێشمەرگەیان دەكرد، لە شۆڕشەكانی پێشتردا بەو رێژە زۆرە بە دی ناكرێت".
دەشڵێت، "لەم شۆڕشەدا بۆ یەكەم جار كەمە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری كوردستان بەو رێژە زۆرە بەشداریی شۆڕشیان كرد، بە جۆرێك لە ئاستی سەركردایەتیی شۆڕشدا بوونیان هەبوو و رۆڵێكی كارایان دەگێڕا، بۆیە ناكرێت بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بگوترێت شۆڕشی نەتەوەی كورد، بەڵكە شۆڕشی سەرجەم گەلی كوردستان بوو بە هەموو پێكهاتەكانەوە. هەروەها لە ئاستی پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكاندا شۆڕشی ئەیلوول لە ئاستێكی باڵای پەیوەندییەكاندا بوو كە لە شۆڕشەكانی پێش خۆیدا بە دی ناكرێت. پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پەنانەبردن بۆ تیرۆر تایبەتمەندییەك و خاڵێكی بەهێزی شۆڕشی ئەیلوولە لە كاتێكدا رژێمی عێراق بە دڕندانەترین شێوە جینۆسایدی هاووڵاتیانی كوردستانی دەكرد".
ئەو ئەندامەی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكان گوتیشی، "لە رووی ژمارەی شەهید و قوربانیدانەوە شۆڕشی ئەیلوول زۆرترین شەهید و قوربانیی لە پێناوی ئازادی خاك و مافەكانی گەلی كوردستاندا بەخشی بە جۆرێك هیچ خێزانێك نەبوو لە كوردستاندا شەهیدێك یاخود بریندارێكی نەبەخشیبێتە كوردستان. هەروەها لە رووی دیسپلین و پابەندبوونی شۆڕشگێڕان بە سەركردایەتیی شۆڕشەوە لە ریزبەندی یەكەمینی سەرجەم شۆڕشەكانی كوردستاندایە، بە جۆرێك هەر بڕیارێك لە (مستەفا بارزانی)ـیەوە دەردەرچوو، سەرجەم گەلی كوردستان و شۆڕشگێڕان پابەند دەبوون پێیەوە".
(بەسام عەلی) هەروەها ئەوەیش ڕوون دەكاتەوە، "لە رەهەندی رۆشنبیری و زانستییەوە بەشێكی زۆری رۆشنبیرانی سەرجەم بەشەكانی كوردستان لە دەوری شۆڕش كۆ ببوونەوە و شۆڕش خاوەنی قوتابخانە و دادگە و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی بوو. بۆ یەكەم جاریش لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا شۆڕشێك رژێمیكی داگیركەری كوردستانی ناچار كرد داوای گفتوگۆ بكات و ئامادەی ئەوە بێت ددان بە مافە سیاسییەكانی گەلی كوردستاندا بنێت، شۆڕشی ئەیلوول بە زەبری هێز رژێمی بەعسی ناچار كرد داوای رێككەوتن بكات و لە بەیاننامەی 11-ی ئازاردا ددان بە مافی ئۆتۆنۆمیدا بنێت بۆ گەلی كوردستان و لە پۆستەكانی عێراقیشدا كورد پشكی هەبێت".
گوتیشی، "ئەمانە و زۆر خاڵی دیكە وایان كرد شۆڕشی ئەیلوول بە مەزنترین شۆڕشی گەلی كوردستان دابنرێت لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیماندا، ئەم خاڵانە بوون وایان كرد لە نسكۆی شۆڕشدا تەواوی خەڵكی كوردستان فرمێسك بۆ شۆڕش بڕێژن، نەوەی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ئەم شۆڕشە و سەركردە مەزنەكەی كە (مستەفا بارزانی) بوو، خۆشیان دەوێت و تا ئێستا لە دڵیاندا پاراستوویانە. پێویستە لەسەر هەموو لایەك نەوەی نوێ ئاشنا بكەین بە مێژووی خەباتی سیاسیمان بە مەزنی شۆڕش و قوربانیدانمان، (مستەفا بارزانی) و شۆڕشی ئەیلوول ناكرێت لە چوارچێوەی حیزبیدا تەماشا بكرێن، (مستەفا بارزانی) رەمز و سیمبولی گەلی كوردستانە، با ئێمەیش وەكو نەتەوەكانی دراوسێمان، ناوچەكە و جیهان نەوەی نوێ فێر بكەین رێزی سیمبولەكان بگرن، پێویستە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت سەبارەت بە رێزگرتنی سیمبولە نەتەوایەتییەكانمان دەربكات تاكو كەس نەتوانێت بێڕێزی بەرامبەر رەمزەكانی مێژوومان بكات، منداڵانی كوردستان دەبێت هەر لە قۆناخی سەرەتاییەوە ئاشنا بكرێن بە سیمبولەكان و سەردانی مەزارەكانیان پێ بكرێت، تاوەكو ئێستایش هەر كەسێك لە هەر پارتێكی سیاسیی توركیا ببێتە سەرۆكی كۆمار، پێویستە پێش دەستبەكاربوونی سەردانی مەزاری (مستەفا كەمال)ـی دامەزرێنەری كۆماری توركیا بكات، (مستەفا بارزانی)ـیش سیمبولی گەلی كوردستانە، لەم یادە پیرۆزەدا وەكو كوڕی سەرلقێكی شۆڕشی ئەیلوول، پیرۆزبایی لە جەنابی (سەرۆك بارزانی) و خانەوادەی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم. ئەزموونی ئێستامان، پەرلەمان و حكوومەتی كوردستان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و شۆڕشەكانی گەلی كوردستانن".
بەكر و كارزان هەورامی




