حکوومەت توانای دروستکردنی 26 کەمپی نییە.. سبەی جێگری سكرتێری گشتیی رێكخراوی یوئێن سەردانی هەولێر دەكات

هەولێر-KDP.INFO- (د. دیندار زێباری) دەڵی، هەرێمی كوردستان ئەو توانایەی نییە بۆ دروستكردنی نزیكەی 26 كەمپ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا و ئەمە هەنگاوێكی گەورەیە و پارەیەكی زۆری پێویستە، بۆیە بێ هاوكاریی نێودەوڵەتی ئەو كارە ئەستەم دەبێت. گوتیشی، بڕیارە سبەی جێگری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری) بە KDP.INFO-ی راگەیاند، بڕیارە سبەی جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەرسانی هەرێمی كوردستانیشدا كۆ ببێتەوە.
(زێباری) گوتیشی، مەبەست لەو سەردانەیش بۆ ئەوەیە لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئاوارەكان و ئەو كەمپانە بن كە بۆیان دروست كراوە بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی دانیشتن ساز بكەن بۆ دابینكردنی پێداویستی و هەماهەنگیی زیاتر و هاندانێكی نێودەوڵەتیی باشتر بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەو سەردانە لەو ئاستە بەرزەدا بۆ ئەوەیە كە ئەو قەیرانە مرۆییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە چارە بكرێت و هەروەها جیدییەتی نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ ئەوەی هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكات.
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەو سەردانانە گرینگیی خۆیان هەیە لەسەر ئاستی سیاسی و مرۆیی و كاردانەوەی نێودەڵەتی دەبێت و هاوكارییەكی باشیش دەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستیی سەرەكیی ئاوارەكان و گەیاندنی دەنگی هەرێم بۆ دەرەوە و گوشارێكیش دەبێت بۆ سەر لایەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كە زیاتر هاوكاری پێشكەش بكەن.
راشیگەیاند كە، هەرێمی كوردستان ئەو توانایەی نییە بۆ دروستكردنی نزیكەی 26 كەمپ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا و ئەمە هەنگاوێكی گەورەیە و پارەیەكی زۆری پێویستە، بۆیە بێ هاوكاریی نێودەوڵەتی ئەو كارە ئەستەم دەبێت.
لە كۆتایی لێدوانەكیشیدا گوتی، بڕیارە سەرەتا جێگری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی شاری هەولێر بكات و دواتر سەردانی دهۆك دەكات و بەرپرسانی حكوومی و پەنابەرانیش بەسەر دەكاتەوە.
بڵند ئیبراهیم




