سەد پەرلەمانتار داوا دەكەن دەنگدان بۆ (ساڵح موتڵەگ) دووبارە بكرێتەوە

بەغدا-kdp.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، سەد پەرلەمانتار واژۆیان كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەنگدان لەبارەی جێگیری سەرۆكوەزیران (ساڵح موتڵەگ)ـەوە دووبارە بكرێتەوە، چونكە پێیان وایە ژمارەی یاسایی دەنگەكانی بە دەست نەهێناوە.
ئەو سەرچاوەیە بە ماڵپەر "غەدپرێس"ـی راگەیاندووە، لە كاتی دەنگدان لەبارەی متمانەدان بە حكوومەتەكەی (عەبادی)، (ساڵح موتڵەگ) كە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران كاندید بوو، 72 دەنگی بە دەست هێناوە نەك 149، بۆیە 100 پەرلەمانتار واژۆیان كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەنگی لەبارەوە بدرێت.
لای خۆیەوە پەرلەمانتارێكی لیستی هاوپەیمانیی نیشتیمانی گوتی، پرسی دووبارە دەنگدان لەبارەی (ساڵح موتڵەگ) یاخود هەر كەسێكی دیكە، كاری سەرۆكایەتیی پەرلەمانە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، پێویست بوو ئەگەر كارێكی لەو شێوەیە هەبێت، لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا باسی لێ بكرێت، بەڵام ئێستا پێویست ناكات دەنگدان دووبارە ببێتەوە، سەرباری ئەوەیش ئەگەر دەقێكی دەستووری هەبێت، ئاساییە.
بڵند ئیبراهیم




