گەنجانی هەر چوار پارچە: شۆڕشی ئەیلوول، ڕەشماڵێكی مەزن بۆ كۆكردنەوەی بیروڕا جیاوازەكانی كوردانی چوار پارچە بوو

هەولێر-KDP.info- لە ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، گەنجان و ڕۆژنامەنووسانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەڵێن، شۆڕشی ئەیلوول ناوی پێشمەرگەی لە كوردستاندا، زۆر لە جاران زیاتر بردە نێو هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەوارییەوە. ئەو شۆڕشە جگە لە بەشداریی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان، لە نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەكانیشی تێدا بووە. لە هەموویشی گرینگتر وەك رەشماڵێكی مەزن هەموو بیرو ڕا جیاوازەكان و كۆمەڵێك حزب و بۆچوونی جیاوازی لە سێبەری خۆیدا كۆ كردبووەوە".
چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (رەسووڵ سوڵتانی) بۆ KDP.infoگوتی، "پاش سەركەوتنی شۆڕشەكەی 14-ی تەمووز كە كورد پشتیوانییەكی باشی لێ كرد، زۆر قەول و بەڵێن بە كوردی باشووری كوردستان دران، كەچی دواتر واتە پاش ئەوەی كۆڵەكەكانی دەستەڵات پتەو كران، لێیان پاشگەز بوونەوە. بەڵام كورد لەسەر ویست و داخوازییە رەواكانی خۆی سوور بوو. سووربوونی كورد لەسەر داوا ڕەواكانی خۆی و مكوڕبوونی دەستەڵاتی ناوەند لەسەر بندەستكردن و ملكەچكردنی كورد، جارێكی دیكەیش كوردی ئاشتیخوازی بەرەو شۆڕش و سەنگەرەكانی چیا بردەوە. كە ئێستا لە ئاوێنەی مێژووەوە لە شۆڕشی ئەیلوول دەڕوانین، كۆمەڵێك تایبەتمەندیی هەبووە و، شیاوی تێڕامان و لێفێربوونن".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ ئەوەدا كە لە باشووری كوردستان هەڵگیرسا، بەڵام لە كوردستانەكەی بندەستی ئێرانیشەوە شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەران شانازییان پێوە دەكرد و تێیدا بەشدار بوون و پشتیوانییان لێ دەكرد. دەشڵێت، "شۆڕشی ئەیلوول ناوی پێشمەرگەی لەم بەشەی كوردستاندا، زۆر لە جاران زیاتر بردە نێو هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەوارییەوە. ئەو شۆڕشە جگە لە بەشداریی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان، لە نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەكانیشی تێدا بووە. لە هەموویشی گرینگتر جگە لەوەی وەك رەشماڵێكی مەزن هەموو بیرو ڕا جیاوازەكان و كۆمەڵێك حزب و بۆچوونی جیاوازی لە سێبەری خۆیدا كۆ كردبووەوە، لە رووی بەشداریی چین و توێژەكانیشەوە، هەر لە سەپان و جووتیار و دەرەبەگەوە بگرە هەتا قوتابیی زانكۆ و پزیشك و مامۆستای زانكۆكان تێیدا بەشدار بوون".
بە گوتەی (سوڵتانی)، ئەو شۆڕشە بوو كە چۆكی بە حكوومەتەكەی (قاسم) دادا و ناچاری كرد، بەیانی 11-ی ئادار واژۆ بكا و تێیدا بە فەرمی دان بە كۆمەڵێك لە مافەكانی گەلی كوردا بنێت. ئەگەرچی وەك باقی بەڵێن و پرۆتۆكۆڵەكانی دیكەی داگیركەرانی كوردستان لە سەردەم و قۆناخی لاوازبوون و شكستیاندا، دواتر ئەو بەڵێنانە هەر خراونەتەوە ژێر پێ. جگە لەوانە، شتێكی زۆر مەزنی دیكەی كە پێویستە لە چارەنووسی ئەو شۆڕشە مەزنە فێری بین و لەبیری نەكەین، ئەوەیە، داگیركەرانی كوردستان هەرگیز چاویان بە سەركەوتنەكانی كورد هەڵنەهاتووە و هەڵنایە و ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا بەش كراوە، ئەگەر لەگەڵ یەكتریدا لە لووتكەی ناكۆكیشدا بن، بەڵام بۆ پیلانگێڕان دژی بزووتنەوەی كورد، زۆر بە ئاسانی ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان بەلاوە دەنێن و یەك دەگرن.
ڕاگەیەندكاری باشووری كوردستان (كامەران غەریب) دەربارەی ئەو ڕۆژە مێژووییە بۆ KDP.info دەڵێت، كاتێك ناوی ئەیلوول دێت، بەر لە هەموو شتێك، بەر لەوەی ناوی مانگێك لە مانگەكانی ساڵ بێت، بەر لەوەی بیری هاوینت بخاتەوە، بەر لەوەی هیچ بیركردنەوەیەكی تر ڕێگات پێ بدات، ئەو وێنە ڕەش و سپییەی (مەلا مستەفا)ـی ڕێبەری ئەم شۆڕشەت دێنێتە بەرچاو كە بە سواری ئەسپێكەوە پڕ لە ویقار و شەهامەت، وەك سەركردەیەكی ئەفسوناویی ناو چیرۆكەكانی بەر ئاگردان هەموو خەیاڵمان دەكاتە موڵكی خۆی".
گوتیشی، "ئەیلوول بەر لەوەی شۆڕشێك بێت بۆ ڕزگاریی نەتەوەیەك، هێما و ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ویستی بەهێزی گەلێك بۆ دەرچوون لە ژێردەستەیی و كۆیلەیی، چونكە ناخۆشترین كات لە ژیاندا ئەو كاتەیە كە هەست بكەی زوڵمت لێ دەكرێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەیشت نەبێت، ئەیلوول بۆ ئەمە هاتە بوون".
(كامەران) دەشڵێت، "ئەگەرچی كۆمەڵێك قینلەدڵ و ناشارەزا لە مێژووی كورد، بە مەبەست هەوڵی شێواندنی شۆڕشی ئەیلوولیان داوە، بەڵام بۆ زۆربەی نەوەی نوێ شتێكی ترە جیاواز لە شۆڕش و ڕووداوەكانی تری مێژووی نزیكی كورد. ئێستایش لاوی كورد ئاوات بۆ سەردەمی ئەو شۆڕشە نموونەییە دەخوازێت، بەسەرهاتەكانی دەماودەم دەگێڕێتەوە و زۆریشیان شانازی بەوەوە دەكەن كە باوك یا باپیریان بەشداربووی ئەو شۆڕشە بوون".
هاوكات ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوای كوردستان (هۆشمین زوبێر حوسێن) بۆ KDP.infoئاماژەی دا، "شۆڕشی ئەیلوول بە سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و رێبەرایەتیی (بارزانیی نەمر) بە گەورەترین شۆڕشی كورد لە مێژووی هاوچەرخی كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی دەزانم، شۆڕشی ئەیلوول و رابەرەكانی، لەپێشیانەوە (بارزانیی نەمر) سومبوولێكی پیرۆزن لە لایەن كوردانی رۆژئاوا، كە بە راستی لەگەڵ چەخماخەی شۆڕشگێرانی ئەوسا لە ریزەكانی شۆڕشی ئەیلوول هیوایەكی مەزن لە دڵی كوردستانیانی هەر چوار پارچەی كوردستان دروست بوو، ئەو هیوایەیش وای كرد كوردستانیان بە ئومێدی زۆرەوە پشگیری بكەن و گورجتر بەرەو كوردبوون و دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی كوردستان بڕۆن و لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوولدا بە جیهانی رابگەیەنن كە كورد هێشتا ماوە و دەبێ كورد هەموو مافەكانی بەدەست بخات".
گوتیشی، "راستە ئێمە ئەو كاتە لە دایك نەببووین، بەڵام بەردەوام باپیرم كە لە نەوەی ئەو سەردەمەی خەباتگێڕانی كوردە، پێی دەگوتین (بارزانیی نەمر) و شۆڕشی ئەیلوول هیوایەكی گەورەی بە ئێمەی كوردانی رۆژئاوای كوردستان بەخشی، چونكە باب و باپیرانم بەردەوام ئاگایان لە شۆڕش بوو".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "هەر وەكو (سەرۆك مەسعوود بارزانی) لە كۆنگرەی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا شانازی بەو پشتگیری و پشتەڤانییەی كوردانی رۆژئاوا بۆ شۆڕشی ئەیلوول لەو دەمەدا دەكات، ئێمەیش لە منداڵییەوە فێر كراوین و پێمان گوتراوە كە شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی ئازادیی كوردستان بوو، شۆڕشی سەلماندنی بوونی كورد بوو، ئێمەی گەنجانی رۆژئاوای كوردستان، كە هەست بە جیاوازیی نێوان پارچەكانی كوردستان ناكەین، بە شانازییەكی گەورەوە ئەو شۆڕشە دەبینین و بە مێژوویەكی سەربەرزانەی خۆمانی دەزانین، هەروەها ئەم دەستكەوتەی ئێستای باشووری كوردستان كە لە سایەی خەباتی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتیی (بارزانیی نەمر) بە دەست هاتووە، بە پشتیوانی گەورەی خۆمانی دەزانین لە رۆژئاوای كوردستان و بۆ تەواوی كوردستانی گەورەیش".
ڕۆژنامەنووس و چالاكوان لە باكووری كوردستان (شۆڕش سەربەست) بۆ KDP.infoگوتی، "شۆڕشی ئەیلوول بە رێبەرایەتیی (بارزانیی نەمر) تەنیا شۆڕشێكی سەربازی نەبوو، ئەو شۆڕشە بووە بنكەی دانانی بەرخودان لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئاستی تێكۆشانی لەلای كوردستانیان بە گشتی بەرز كردەوە، شۆڕشی ئەیلوول كاریگەریی خۆی لەلایەنی كۆمەڵایەتی هەبوو، چونكە ئەم شۆڕشە بووە هۆی هێنانەكایەی لێكنزیكبوونەوە و باوەڕی گەورەی لەلای گەلی كوردستان دروست كرد، چونكە پێشتر چەندین جار شۆڕشەكان سەریان هەڵدابوو، بەڵام بەداخەوە لە لایەن وڵاتانی داگیركەرەوە سەركوت كراون، شۆڕشی ئەیلوول بووە هەوێنی خۆشەویستیی ناو میللەتی كوردستان و هەستانەوەی ئومێد و بەرخودان:"
گوتیشی، "دوای شۆڕشی ئەیلوول، پارچەكانی دیكەیش دەستیان بە ڕاپەڕین كرد و شۆڕشیان بەرپا كرد، چونكە شۆڕشی ئەیلوول، بە تەنیا شۆڕشی باشووری كوردستان نەبوو، بەڵكە شۆڕشی هەر چوار پارچەی كوردستان بوو".
بەكر و كارزان هەورامی




