٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئۆباما: بۆ لەنێوبردنی داعش، پشت بە کورد، عێراقییەکان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەبەستین

سەرچاوە: KDP.info
(باراک ئۆما) لە کۆشکی سپیی ئەمەریکا، ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی خستە ڕوو. دوێنێ

واشنتۆن-KDP.info-  سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە هیچ دوودڵ نییە لەوەی گورزی سەربازی لە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی دەوەشێنی، جا لە عێراق بن یان سووریا، ئەو ڕێکخراوە هیچ پێوەندیێکیان بە ئیسلامەوە نییە، چونکە هەر ئایینێک لە دنیادا، پەنا بۆ کوشتن و توندڕۆیی نابات.

ئۆباما لەو وتارەیدا کە دەرەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە و لەسەروبەندی یادی 11-ی سەپتەمبەر-ئەیلوولدا پێشکەشی کرد، گوتی، کە وڵاتەکەی سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نانێرێت تا شەڕی داعش بکات، بەڵام بەڵێنی دا، هاوکاریی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکات.
(باڕاک ئۆباما) بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ستراتیژەکەی کە وەک گوتی چوار لایەنی هەن کە ئەمانەن: بەردەوامبوون لە بەرپاکردنی هێرشە ئاسمانییەکان و ناردنی 475 شارەزای دی بۆ مەشق پێکردنی هێزەکانی عێراق، لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا کار دەکەین بۆ ڕێگرتن لە گوێزتنەوەی توندڕۆکان لە هەرکوێیەکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها فراوانکردنی هێرشە ئاسمانییەکان لە عێراق.
دەربارەی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکانیش گوتی، وڵاتەکەی ناچێتە نێو شەڕێکی نوێوە لەو ناوچەیەدا، بەڵام هاوکاریی زیاتری هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و مەشقیان پێ دەکات، چەکیان دەداتێ، زانیاریی هەواڵگرییان دەداتێ.
سەرۆکی ئەمەریکا باوەڕی وایە کە، داعش لە توندڕۆترین ڕێکخراوەکانی جیهانە، سرووشتێکی وەحشەتناکانەی هەیە، چونکە ئەو منداڵ دەکوژێ، دەستدرێژیی سێکسی پێڕۆ دەکات، هەڕەشەی سڕینەوە و لەنێوبردن لە کەمینە ئایینەکان لە ناوچەکەدا دەکات.
(ئۆباما) دووپاتی کردەوە کە، "بەرەنگاربوونەوەی داعش تەنیا شەڕی ئەمەریکا نییە بە تەنیا، بەڵکە ئەوە ئەنجام دەدەین کە لێمان دەخوازرێ، ئەوەی پێویست بێ بۆ عێراقییەکانی دەکەین، بەڵام شوێنی وڵاتە عەرەبییە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکدا ناگرینەوە.. ناچێن بە هێزی سەربازیمان شەڕی داعش بکەین، بەڵام پشتیوانی لە هێزە عێراقییەکان و کورد دەکەین، هاوکارییەکانیشمان بۆ پێکهێنانی یەکەی پاسەوانی نیشتیمانی بۆ پشتیوانی لە سوننە دەگرێتەوە کە، دەیانەوێ خۆیان لە کێشەی داعش داماڵن."

بەڵێنیشیدا، "لەسووریا بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەڵام ناتوانین پشت بە ڕژێمێک ببەستین کە گەلەکەی تۆقاندووە و تیرۆری کردووە. چونکە ئەو ڕژێمە جارێکی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بە دەست نایەنێتەوە."


زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار