لە نزیك چیای زەرتك لاشەی 12 چەكداری داعش دۆزرانەوە.. لە هەڵمەتی گرتنەوەی زەرتکدا کوژراون

مووسڵ-تایبەت بە KDP.INFO- هێزەكانی پێشمەرگە دوای ئازادكردنی چیای زەرتك و گوندەكانی دەوروبەری ئەو چیایە، تەرمی چەندان داعشیان كەوتەبەر دەست و ئەمڕۆیش لاشەی 12 چەكداری تیرۆریست لە چاڵێكدا دۆزرانەوە کە، لە هەڵمەتی گرتنەوەی چیاکە لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کوژراون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، پاش ئازادكردن و پاككردنەوەی چیای زەرتك و گوندەكانی لە چەكدارانی تیرۆرستی داعش و ئازادكردنی گوندی عەین سەفرا، دوێنێ هێزەكانی پێشمەرگە لە دۆڵێكی نێوان گوندی عەین سەفرا و تەسقۆف لاشەی 12 چەكداری داعشیان دۆزییەوە.
(مەموزینی) گوتیشی، "چەكدارانی داعش پۆلیسێكی كوردیان لە مووسڵ بە ناوی (عەلی مەحموود عەلی) گولـلەباران كردووە كە لە عەشیرەتی كیكییە و تەمەنی لە دەوروبەری 40 ساڵیدا بووە".
ئەو هەروەها دەشڵێت، لە ناو شاری مووسڵیش، لە ئەنجامی هێرشیك بۆ سەرچەكداران، 3 تیرۆریستی داعش كوژراون.
نەشوان بەرزنجی




