شۆڕشی ئەیلوول لە زاری خەباتگێڕانەوە: هێشتا ئاواتی ئێمە لەسەر بنیاتی ئەو شۆڕشە بەڕێوە دەچێت.. گیانی بەبەر كوردبوون و كوردایەتیدا كرد

هەولێر-KDP.info- لە ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، كەسایەتییە سیاسییەكانی چوار پارچەی كوردستان باس لە دەستكەوت و مەزنیی شۆڕشەكە دەكەن و ئاماژە دەدەن كە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شۆڕشی ئەیلوول درێژترین ماوەی شۆڕشی تۆمار كردووە كە شۆڕشێكی تازە و بەردەوامە و ئێستایش پارتیی دیموكراتی كوردستان هەڵگری ئاڵاكەیەتی.
شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 بە ڕابەرایەتیی (بارزانیی نەمر) و بۆ ڕاماڵینی زوڵم و ستەم لە سەرانسەری كوردستاندا هەڵگیرسا، یەكێك لە سیما دیارەكانی شۆڕشیش ئەوە بوو كە سەرجەم خەڵكی كوردستان بەشدارییان لەو شۆڕشەدا كرد و بەشێكی زۆری ئامانجەكانیشی هاتوونەتە دی.
كەسایەتیی سیاسیی كوردستان (عارف ڕوشدی) لەبارەی ئەو شۆڕشەوە بۆ KDP.info دەڵێت، "شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی بوو بە ڕۆحیەتێكی بەرزەوە و بە بەشداریی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە كە سەركردەیەكی نیشتیمانپەروەری وەك (بارزانیی نەمر) و حزبێكی سیاسیی جەماوەریی وەك پارتی ڕابەرایەتیی كردووە، هەروەها خەڵكی كوردستانیش بە هەموو چین و توێژەكانەوە بەشدارییان لەو شۆڕشەدا هەبووە چ ئەوانەی توانایان هەبووە وەك پێشمەرگە چ ئەوانەی لە ڕێكخستنەكاندا كاریان كردووە.
گوتیشی، "شۆڕش بە هیچ شێوەیەك ڕێگەی بە دوژمنانی گەلی كورد نەدا مەرامەكانیان سەر بگرێت كە لەو ڕۆژەدا ناچار بوون مافی كورد لە 11-ی ئازار ددان پێدا بنێن، هەرچەندە شۆڕشی ئێمە دوای ئەو بەیاننامەیە تووشی شكست بوو، بەڵام هەمیشە ئەو گیانە زیندووە لە لای خەڵكی كوردستان نەمرد و ئەو مافە خوراوانە نیشاندەر بوون بۆ ئەوەی دووبارە شۆڕش بكرێتەوە، ئەوە بوو دوای 1975 شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز دەستی پێ كردەوە و شانبەشانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پارتیی دیموكراتی كوردستان شۆڕشی گوڵانی بەرپا كرد تا گەیشتە دەرئەنجامێكی ئەرێنی كە ئەویش خۆی لە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی مەزنی 1991-دا بینییەوە".
هاوكات (عوسمان ئۆجەلان)ـی ئەندامی پێشووتری کۆنسەی سەرۆکایەتیی پارتیی كرێكارانی كوردستان و سیاسەتوانی باكووری كوردستان بۆ KDP.info گوتی، "شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی كوردستاندا دەستپێكێكی تازەیە، وەك ئێمە دەزانین پێش ئەو شۆڕشە شۆڕشی دیكە هەبوون، زۆر جار كورد لە بەشەكانی دیكە ڕاپەڕینی كردووە، بەڵام تا ماوەیەك بەردەوامی هەبووە، بەداخەوە شۆڕشەكان هەموو كوردستانیان نەگرتووەتەوە و زیاتر خۆجێیی بوون، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول توانی شۆڕشێكی سەرتاسەری و نەتەوەیی دروست بكات كە بە هەموو مانایەك شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەرییە، ئەو كاتەی شۆڕشی ئەیلوول كرا من منداڵێكی 10 ساڵان بووم و كاریگەریی ئەو شۆڕشەم لەسەر بوو، ناوی (بارزانیی نەمر)ـم كەوتە بەرگوێ وەك قارەمانێك، ئەم شۆڕشە ئامانجی ڕزگاركردنی كوردستان و دەربازبوونی كورد لە قۆناخێكەوە بۆ قۆناخێكی مۆدێرن بوو".
ڕوونیشی كردەوە، "شۆڕشەكانی پێشووی كوردستان لەسەر بنەمای هەرێمی بوون، بەڵام تایبەتمەندیی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەیە كە لە سەرانسەری كوردستان بوو، واتە لە باكوور و لە باشوور و لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری ئەو شۆڕشە بوون، لە كاتێكدا شۆڕشەكانی دیكە ماوەی چەند مانگێكیان دەخایاند، بەڵام ئەم شۆڕشە بەردەوام بوو تا 15 ساڵ و ئێستایش بە شێوەیەكی دیكە بەردەوامیی پێ دەدرێت".
سكرتێری پارتی "پێشڤەڕوو" لە ڕۆژئاوای كوردستان (حەمید حاجی دەروێش) بۆ KDP.info ئاماژەی دا، "شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕش بووە لە كوردستاندا كە تائێستا دروست بووە و لە ئەنجامی ئەو زوڵم و نایەكسانییەیش دروست بووە كە لەسەر كوردستان پەیڕەو كراوە، ئەو شۆڕشەی كە هەزاران شەهیدی دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بە هەزاران گوندی كوردستان وێران كران لە پێناوی سەركوتكردنی شۆڕش، بەڵام ئەوەی مایەوە و سەركەوتنی بە دەست هێنا، ئیرادەی میللەتی كوردستان و سەركردایەتیی شۆڕش بوو بە سەرۆكایەتیی (بارزانیی نەمر) كە رۆڵێكی باشی بینی بۆ سەركەوتنی گەلی كوردستان و كوردستانێكی ئازاد، ئێستایش ئاواتی ئێمە لەسەر بنیاتی ئەو شۆڕشە بەڕێوە دەچێت".
گوتیشی، "لە ڕۆژئاوای كوردستان شۆڕش بووە هەوێنی سەرجەم كوردان و هەروەها بووە وێردی سەر زمانی هەموو كوردێك، من وەك مرۆڤێكی كورد بە دەیان جار هاتم بۆ ئەوەی هاوكاریی شۆڕش بكەم، هەزاران ئەندامی ئێمە ئەشكەنجە دران تەنیا لەبەر ئەوەی بڵێن بڕووخێت شۆڕشی ئەیلوول، ئاوا ئەشكەنجە دەدراین بۆ ئەوەی پشگیریی ئەو شۆڕشە نەكەین، بەڵام قەت ئێمە پشتمان لەو شۆڕشە نەكردووە، بۆ مێژوویش ئەو قسەیە دەڵێم لە ڕۆژئاوای كوردستان گەورەترین پشتیوانیی شۆڕش كرا بۆ ئەوەی تروسكایی ئازادی لەم نیشتیمانەدا بێتە ئاراوە".
هاوكات سەرۆكی پارتیی ئازادی لە ڕۆهەڵاتی كوردستان (حوسێن یەزدانپەنا) بۆ KDP.info گوتی، "گرینگیی شۆڕشی ئەیلوول ئەوە بوو كە درێژەپێدەر و ئاواتی كۆماری كوردستان بوو دوای شكستی كۆماری كوردستان كە تاریكایی باڵی بەسەر خەڵكی كوردستان و بزاڤی ڕزگاریی كوردستاندا كێشا، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول جارێكی دیكە گیانی بەبەر كوردبوون و كوردایەتیدا كرد. ڕاستە ئەم شۆڕشە لە باشووری كوردستان كرا، بەڵام بە بەشداریی تێكۆشەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان بوو، لە هەمان كاتدا كەسێك ڕابەرایەتیی شۆڕشی دەكرد كە میراتگری دەوڵەتی كوردستان بوو كە (بارزانیی نەمر) بوو، ئەو (بارزانی)ـیەی لە كۆماری كوردستان پلەی ژەنەڕاڵی هەبوو و سەرپەرشتیی هەموو هێزەكانی كۆماری دەكرد و بە بەردەوامییش كە باسی كۆمار بكرێت، وێنەی شۆڕشی ئەیلوول دێتە بەرچاومان، بۆیە لەناو ئەو پارچانەی كە پشگیریی شۆڕشیان دەكرد، خەڵێكانێكی زۆری لە ژێر چەترە جیاوازەكان كۆ كردەوە لە چوارچێوەی پەیامێكی نەتەوەیی كە ئەویش چەتری شۆڕش بوو، بۆیە لەو ڕەهەندەشەوە شۆڕش جارێكی دیكە كوردی ڕێك خستەوە".
دەشڵێت، "بەشێكی دیكە لە ڕەهەندی شۆڕش ئەوە بوو كە بەشێك لە وڵاتانی دەرەوە بوونە هاوپەیمان بۆ شكستی شۆڕشەكە، ئەمەیش ناووبانگی كوردی لە جیهان زیندوو كردەوە و لە ئاستی جیهاندا ناوی بەرز بووەوە، ئەمەیش دەوڵەتانی دنیای ناچار كرد كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە بكەن".
(یەزدانپەنا) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "لە ئاستی عێراقدا سەركردەكان بۆ گفتوگۆ و گوتووێژ بۆ هەرێمی كوردستان دەهاتن و لەگەڵ سەركردەكانی شۆڕش قسەیان دەكرد، بەمەیش سەروەریی دوولایەنە دروست بوو و حاكمیەتێكی عێراق و حاكمیەتێكی كوردستان كە چوون و هاتنی ئەو شاندانە ئەو واقیعەی بۆ كوردستان سەلماند كە كورد حوكمڕانیی ناوچەی خۆی دەكات".
گوتیشی، "شۆڕشی ئەیلوول بووە درێژەپێدەری شۆڕشەكانی دوای خۆی كە ئێستای لێ بەرهەم هێناوە، لێرەشەوە بەوپەڕی بایەخەوە یادی ئەو شۆڕشە دەكەینەوە و لەو ڕۆژەدا سەری ڕێز بۆ سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان دادەنەوێنین".
بەكر و كارزان هەورامی




