بولگاریستان: دڵمان لەگەڵ گەلی كوردستانە.. هێمن هەورامی: لەناو بردنی داعش تەوافوقی نێودەوڵەتی پێویستە

هەولێر-KDP.INFO- (هێمن هەورامی) رایگەیاند، بۆ لە ناوبردنی داعش، پێویستە تەوافوقێكی سیاسی و سەربازیی نێودەوڵەتی هەبێت. گوتیشی، مەترسیی تیرۆریستان لەسەر كوردستان نەماوە و، لە ئێستادا پێشمەرگە هەوڵی وەدەرنانیان دەدات لە ناوچە سنوورییەكاندا، زیاتر گوتی، "بەشداریمان لە حكوومەتی نوێی عێراقدا، گەڕانەوەی باری ئاساییە بۆ عێراق، ئەمەش خواستی سەركردایەتیی كورد بووە لە ئێستادا."
بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سیاسی و ئەمنیی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی مەكتەبی پێوەندییەکانی پ د ك(هێمن هەورامی) و ژمارەییەك لە ئەندامانی مەكتەب، پێشوازییان لە نوێنەرایەتیی باڵیۆزخانەی بولگاریستان لە بەغدا(دیمیتار ئۆركینۆڤ) كرد.
لە دیدارێکدا، (هەورامی) باسی لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد دژ بە داعش، هەروەها بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە، سوپاسی وڵاتی بولگاریستانی كرد لە هاوكاریكردنیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئەو ئاوارانەی كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان.
(هەورامی) زیاتر دەربارەی داعش گوتی، لەناوبردنی داعش كاتی دەوێت و بۆ بنبڕكردنیان پێویست بە تەوافوقی نێودەوڵەتی هەیە، لە ئێستایشدا هەرێمی كوردستان مەترسیی تیرۆریستانی لە سەر نەماوە.
(هێمن هەورامی) دەربارەی بەشداریی کورد لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا، ڕوونی كردەوە، "حكوومەتی نوێی عێراق پێویستی بە هەموو پێكهاتەكان بوو، بۆیە سەركردایەتیی كورد بە پێویستی زانی بەشداری بكات و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ژێر سەقفێكی زەمەنیدا چارەسەر بكرێن.
لای خۆیەوە (دیمیتار ئۆركینۆڤ)، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ د ك و ڕایگەیاند ئامادەكاریی تەواو كراوە بۆ كردنەوەی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هۆی هەڵبژاردنە گشتییەكانی بولگاریستانەوە بۆ ماوەیەك دوا دەكەوێت.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا (ئۆزكینۆڤ) رایگەیاند "هەموو كات دڵمان لەگەڵ گەلی كوردستانە و ئامادەیشین لە ئاییندەدا هاوكارییەكانمان چڕتر بكەینەوە بۆ ئەو ئاوارانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە."




