پێشمەرگە دڵنیایی دەدەن.. شێخان ئارامە و خەڵك دەتوانن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە

شێخان-تایبەت بە KDP.INFO- لە دەستپێكی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعشەوە بۆ سنووری شێخان، هێزەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرە بە هەموو شێوەیەك بەرگرییان كردووە و بەرپەرچی تیرۆریستانیان داوەتەوە، ئێستایش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەو میحوەرە دڵنیایی دەدەنە خەڵكی ئەو ناوچەیە كە دۆخەكە ئارامە و دەتوانن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
بەرپرسی لقی 20-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە شێخان (عەلی عەونی) بە KDP.INFO -ی ڕاگەیاند، "هەرچەندە لە سنووری شێخان خەڵكێكی زۆر گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام داوا لە خەڵكی خۆمان دەكەین ئەوانەی ئاوارەی شارەكانی دیكەن، بگەڕێنەوە و دڵنیایشیان دەكەینەوە كە لە سنووری شێخان هیچ مەترسییەكی تیرۆریستانی داعش لە ئارادا نییە و بە تەواوی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە پارێزراوە".
بەرپرسی لقی 20 گوتیشی، "تیرۆرستانی داعش رۆژ لە دوای رۆژ دەست بە هەڵاتن دەكەن و پێشمەگە قارەمانەكانیشمان بەردەوام لە پێشڕەویدان، هەر شوێنێكیش هەوڵمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی دابێت، ئێستا گیراوە و پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی ڕەوشەكەی لەو سنوورەدا كردووە".
(عەلی عەونی) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "سەبارەت بەو ملیۆن دینارەی كە بۆ ئاوارەكان تەرخان كراوە كە تاكو ئێستا زۆریان وەریان نەگرتووە، پێشنیاز دەكەین رێوشوێنی باش لەلایەن حكوومەتی هەرێم و عێراقەوە بگیرێنە بەر بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان پێیان بدرێت".
نەشوان بەرزنجی




