چیك بایی دوو ملیۆن دۆلار یارمەتیی سەربازی بۆ پێشمەرگە دەنێرێت

چیك-kdp.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە وڵاتی چیك چەند كۆبوونەوە و دیدارێكی گرینگیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەردوو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام داوە و حكوومەتی چیكیش بڕیاری داوە بایی دوو ملیۆن دۆلار یارمەتیی سەربازی بۆ پێشمەرگە بنێرێت.
لە درێژەی كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لە وڵاتانی ئەورووپا بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوكاری و كۆمەكی سەربازیی ئەو وڵاتانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی پاراستنی هەرێم، رۆژانی 6+7+8 و 9\9\2014 فەریق (شێروان عەبدولڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) و عەمید روكن (هەژار) لە وڵاتی چیك چەند كۆبوونەوە و دیدارێكی گرینگیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەردوو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی چیك ئەنجام دا و بە جیا لە دیوانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و جێگرانی یەكەمی هەردوو وەزارەت و راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی بەشە جیاكاندا كۆ بوونەوە.
شاندەكە بە دوورودرێژی هەلومەرجی ئێستاكەی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی قارەمانانەیان لەگەڵ تیرۆرستان و پێویستییە هەنووكەییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ سەر ناوچەكە و جیهان بە گشتی بۆ ئەو لایەنانە خستە روو و جگە لەوەیش تێیدا باسی ئاوارەكانی هەرێم و ژمارە و قەبارەیان بۆ ئەو لایەنانە كرا.
لە بەرانبەریشدا هەردوو جێگرانی وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگریی حكوومەتی چیك رۆڵ و نەبەردی و جوارمێریی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێمیان بەرز نرخاند و وڵاتەكەی خۆیان و گشت وڵاتانی دونیایان بە قەرزداری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم زانی و ئامادەیی خۆیان بۆ پشتیوانی و هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم دەربڕی كە لە ئێستادا بڕیاری ناردنی هاوكاریی سەربازی بە بڕی (2) ملیۆن دۆلار بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە و لەم رۆژانەدا دەگاتە هەرێمی كوردستان.
جگە لەوەیش، شاندی باڵای پێشمەرگە لیستێكی تازەیان لەو چەك و تەقەمەنیانەی لە ئێستادا پێویستیی پێشمەرگەن، پێشكەش كرد لەگەڵ جۆری ئەو مەشقانەی ئێستا هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم پیویستیانە، بڕیاریش وایە هەفتەی داهاتوو وەزیری بەرگریی وڵاتی چیك بە یاوەریی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و بە هاوڕێیەتیی ستافێكی باڵای راوێژكاران سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن. هەروەها بانگهێشتی فەرمیی هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی كوردستان بكەن لە دوو كاتی جیاوازدا.
جێی باسە، بڕیار وایە هەمان شاند لە وڵاتی هانگاریایش كۆمەڵێك دیدار و كۆبوونەوەی گرینگ سەبارەت بە هاوكاری و هەماهەنگیی سەربازی و لۆجستیی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئەنجام بدات.




