سبەی مووچەی وەزارەتەكانی دارایی و ئەوقاف و یەكشەممەیش هیی تەندروستی و كارەبا دابەش دەكرێت

هەولێر-kdp.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ مووچەی وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری، ئەوقاف و كاروباری ئایینی دابەش دەكرێت و یەكشەممەی داهاتوویش دەست بە پێدانی مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی و كارەبا دەكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (دلێر تاریق) بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێككەوتی 2014/9/11، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی (تەمموز)-ی وەزارەتەكانی: دارایی و ئابووری، ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەكرێت.
(دلێر تاریق) هەروەها دەشڵێت، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو ڕێككەوتی 2014/9/14، مووچەی مانگی (تەمموز)-ی وەزارەتەكانی: تەندروستی و كارەبا دەدرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری، هاوكات روونی كردەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی جیددیدایە بۆ دابینكردنی مووچەی ئەو وەزارەتانەی كە تا ئێستا مووچەكانیان دابەش نەكراوە بۆ ئەوەی بە زووترین كات دابەش بكرێت.
ئومێد پشدەری




