٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە سەنگەری بەرگریدا یادی 53-یەمین ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول دەكەنەوە

سەرچاوە: KDP.info
پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول لە سەنگەری بەریدا دژ بە تیرۆریستانی داعش.

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول ئاماژە بە سەركەوتنی شۆڕشی ئەیلوول دەكات هەر لە سەرەتایەوە تائێستا و دەشڵێت، پێشمەرگەی ئەو شۆڕشە ئێستا لە سەنگەری بەرگریكردنن لە خاكی كوردستان دژی داعش و نەیارانی كورد، گوتیشی، لە ئەمڕۆدا پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، بریاریان داوە لەگەڵ كوڕە ئازا و بوێر و باوەڕ بە نیشتیمانەكانی وڵات لەناو سەنگەری شەرەف و بەرگری، لەگەڵ پێشمەرگەكانی كوردستان یادی شۆڕشی ئەیلوول بكەنەوە.
بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول(قادر قادر) سەبارەت بەو یادە مەزنە بۆ  KDP.info گوتی: "ئێمە لە ساڵی 1961-ەوە سەنگەری بەرگری و فیداكاریمان بە ڕابەرایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و (مەلامستەفای بارزانی) هەڵبژارد، چونکە لەو ڕۆژەوە هەستکردن بە زوڵم و ستەمی زۆر بەرانبەر بە گەلی كورد تا دەهات گەشەی دەکرد، بۆیە شۆڕش ناچار بوو دەست بداتە چەك و بەرگری لە خاك و نیشتیمان بكات."
ئەو كە ئێستا لەگەڵ زۆرێك لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان، لە سەنگەرەكانی بەرگرییە، زیاتر گوتی "لەو ڕۆژەوە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، دانیان بە تەواوی مافەکانی كورددا نەناوە، بگرە تائێستایش كە حكوومەتی عێراق میراتگری ئەو حكوومەتانەی پێش خۆیەتی، دانیان بە مافەکانی گەلی كورد نەناوە".
گوتیشی: "بۆ مانەوەی شەرەف و كەرامەتی كوردانە، هیچ كات چۆك دانەدراوە بۆ هیچ یەكێك لە ڕژێمەكان، ئەمڕۆیش پێشمەرگە ڕووبەڕووی گەورەترین گرووپی چەكداری بووەتەوە كە مرۆڤ، ویژدان و ئایین ناناسن، بۆیە ئێمە وەك پێشمەرگەی ئەیلوول ڕووبەڕووی ئەو چەكدارانە بووینەتەوە كە شانبەشانی پێشمەرگە شەڕ دەكەین و ئومێدەوارین بەم زووانە لەناویان بەرین و بە پشتیوانیی گەلی كورد و خوای گەورە بەسەریاندا سەردەكەوین".
گوتیشی: "ئێمە تا دوێنێ‌ پشتیوانمان شاخەكان بوون، پاڵپشتی ئێمە گەلی كوردستان بووە، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتووخواز و پێشمەرگەی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولدا، كە بناخەی دامەزراندنی شۆڕشەكان بووە، ئێستا وڵاتە گەورەكان دەبینن ئێمەی گەلی كورد لە هەموو لایەكەوە زوڵممان لێ دەكرێت، لە ڕووی مرۆیی و سەربازی و لۆجستیكییەوە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان هاوكاریمان دەكەن."
پێوەست بەشێوازی بەرێوەچوونی یادكردنەوەی ئەمساڵی شۆڕشی ئەیلوول بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول گوتی: "لە ئەمڕۆدا پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، بریاریان داوە ئاهەنگی سەركەوتن لەگەڵ كوڕە ئازا و بوێر و باوەڕ بە نیشتیمانەكانی وڵات لەناو سەنگەری شەرەف و بەرگری، لەگەڵ پێشمەرگەكانی كوردستان یادی شۆڕشەكەمان دەكەینەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار