٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هۆڵەندا: لەسەر پاراستنی كوردستان مكوڕین، چونكە سەقامگیریی هەرێم، فاكتەری ئارامیی ناوچەكەیە

سەرچاوە: KDP.info
لایەنێکی دیداری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا.

هەولێر-KDP.INFO-  وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاند، هەرچیی بە ئەوان بكرێت، هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەموو بژاردەكان لە بەردەمیاندا كراوەن، تەنانەت بژاردەی سەربازییش. دەشڵێت، "لەسەر پاراستنی كوردستان مكوڕین، چونكە سەقامگیریی هەرێم، فاكتەری ئارامیی ناوچەكەیە".


سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، داوا دەكات حكوومەتی هۆڵەندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، چونكە ئەمڕۆ پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی دونیا شەڕی دژەتیرۆر دەكات لە پێناو پاراستنی بەها مرۆییەكاندا.
ئەم گوتانەی سەرۆكی پەرلەمان لە میانی سەردانێكیدا هات كە ئەمڕۆ چوارشەممە 10-ی ئەیلوول، بە یاوەریی شاندێك لە پەرلەمانتارانی ئێزدی و مەسیحی و كەمە نەتەوەییەكانی تری پەرلەمان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندایان كرد و لەلایەن وەزیری دەرەوە (فرانس تیمەرمان) و چەند گەورەبەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوە پێشوازییان لێ كرا.
لە میانی دانیشتنێكدا، سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی تیرۆر و ئاوارەبوونی سەدان خێزانی كورد و ئێزدی و مەسیحی و عەرەب، لە ناوچەكانی ترەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی دا، "لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی عێراق 8 مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە و قەیرانێكی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا درووست بووە، بەڵام هەرێمی كوردستان بووەتە لانەی ئارامی زیاتر لە ملێونێك ئاوارە، بۆیە پێویستە هۆڵەندا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بن لەو بوارەدا هاوكارمان."
لە بەشیكی دیكەی گوتەكانیدا، سەرۆكی پەرلەمان داوای لە وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كرد، پشتیوانی هەرێمی كوردستان بن بۆ هەنگاونان بەرەو دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.
لە بەرانبەردا وەزیری دەوەی هۆڵەندا (فرانس تیمەرمان) گوتی، "لەسەر پاراستنی كوردستان مكوڕین، چونكە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامیی ناوچەكەیە".
ئاماژەی بەوەیش دا كە هەرچی بەوان بكرێت هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەموو بژاردەكان لە بەردەمیاندا كراوەن، تەنانەت  بژاردەی سەربازییش بۆ پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان.


 

هەواڵی پەیوەندیدار