٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری کوردانی ئێزدی: دۆخی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی لە سنووری پارێزگای دھۆک باشتر بووە

سەرچاوە: KDP.info
لایەنێکی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ کوردانی ئێزدی. ئەرشیڤ

دھۆک-KDP.INFO-  نوێنەری کوردانی ئیزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، رۆژ بە رۆژ دۆخی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی لە سنووری پارێزگای دھۆک بەرەو باشتر دەچێت و، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین کردوون.

نوێنەری کوردانی ئیزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ(سەیدۆ چەتۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "لەئێستادا دۆخی ئاوارەکانی شنگال رۆژ بە رۆژ بەرەو باشتر دەروات و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە زیاتر ھاوکارییان دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی نووسینگەیەکی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دھۆک کرایەوە بۆ ھاوکاریی ئاوارەکان، ئەوان لەگەڵ ئێمە وەک نوێنەرانی ئێزدی، بەردەوام سەردانی ئاوارەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چ کێشەیەکیان ھەیە تا بۆیان چارە بکەین و، لەئێستادا ھەموو پێداویستییەکمان بۆیان دابین کردووە."
(سەیدۆ چەتۆ)  گوتیشی: "کێشەی ئاوارەکان ئەوەیە کە ئەو پارەیەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کە بڕی ملیۆنێک دینارە تەرخان کراوە، درەنگ بە دەستیان دەگات و ئێمەش لە ھەوڵداین لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆئەوەی ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر بکەین، چونکە ئاوارەکان زۆر پێویستیان پێی ھەیە."
سەبارەت بە دروستکردنی کەمپ، (سەیدۆچەتۆ) رایگەیاند: "دەست بە دروستکردنی چەند کەمپێک کراوە، لەوانە کەمپی شاریا کە40ھەزار خێزان لەخۆ دەگرێت و کەمپی خانکێ و کەمپی باجلێ و کەمپی گەلی زاخۆ و کەمپی شێخانیش، بەشێکیان تەواو بوون و ئاوارەی تێدان و پڕۆسەی تەواوکردنی ەئوانی دیکەیش بەردەوامە."
لەبارەی ھاوکاریکردنی ئاوارەکانی چیای شنگالیش (چەتۆ) دەڵێ، "لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بە بەردەوامی ھاوکارییان بۆ ڕەوانە دەکرێـت، تا ئاستێک بارودۆخیان باشە و پێداویستییان بۆ دابین کراوە و دەشکرێت."
ئاماژەیشی دا، "ئەو هێزەی لەو دەڤەرە و لە چیای شنگالن، لەئێستادا لە ھەوڵی ئەوەدان، ئەو کەسانە رزگار بکەن، کە لەژێر دەستەڵاتی چەکدارانی داعشدانە لە سنووری قەزای شنگال."
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار