٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پێشمەرگە، وەڵامی گومانەکان دەداتەوە.. چەک و تەقەمەنی بۆ شەڕی داعشە و وەزارەت وەریاندەگرێ و دابەشیان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەک رادەگەیەنێ کە، هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە لۆجستیانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان، لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە فەرمی و بە لیست و نووسراو وەردەگیرێن و، وەزارەت بەپێی ڕێوشوێنی گونجاو و لەسەر داوا و پێویستیی ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن و یەکەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ دابەش دەکرێن.

دەقی ڕوونکردنەوەی وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ماوەیەکە لە لایەن هەندێ کەسی سیاسی و لە لایەن هەندێ راگەیاندنەوە باسی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکرێ کە لە لایەن وڵاتانی دۆستەوە دەدرێ بە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی (داعش) و، باس لەوەی دەکەن کە ئەو چەک و تەقەمەنیانە دێن بۆ کوێ و چۆن دابەش دەکرێن، هەندێکیان پرسیار دەکەن هەندێکی تر گومان دەکەن و هەندێکیش بەبێ بەڵگە هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، دیارە هەندێکی زۆریش دڵنیان لە وەرگرتن و جۆری دابەشکردنیان.
بۆیە دەمەوێ بە ناوی خۆم و وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەک رابگەیەنم کە، هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە لۆجستیانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە فەرمی و بە لیست و نوسراو وەردەگیرێن و وە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەشەوە بەپێی رێ و شوێنی گونجاو و لەسەر داواو پێویستی ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن و یەکەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ دابەش دەکرێن.
دڵنیاتان دەکەینەوە کە لیستی هاتوو و دەرچوو، پارێزراوە لە وەزارەتی پێشمەرگە و، ئامادەین بۆ هەموو بەدواداچوونێکی لایەنە دۆستەکانمان کە یارمەتییان داوین و هەروەها بۆ ئەو کەس و لایەنە رێگە پێدراوانەش کە پێویست بکات ئاگادار بن، بۆیە هیوادارم هیچ گومانێک لای کەس نەمێنێ چونکە دوورە لە راستییەوە.
هێزی پێشمەرگەی قارەمان و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆی قارەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە لۆجستیانە بۆ ئێوەیە و بۆ شەڕی دژی (داعش)-ە داواکارین بە باشی بیانپارێزن و بە باشی بە کاریان بهێنن، سوپاسی خۆڕاگری و ئازایەتیتان دەکەین.
لێرەشەوە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆستانە دەکەین کە یارمەتییان داوین و یارمەتیمان دەدەن.
هەروەها سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆیان کردووە بەو شێوازەی کە بۆیان لواوە.
سەری رێز و وەفا بۆ گیانی شەهیدەکان دادەنوێنم و هیوای چاکبوونەوەی زووش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

مستەفا سەیدقادر
وەزیری پێشمەرگە
9 / 9 / 2014

هەواڵی پەیوەندیدار