سبەی، یەکەم ڕۆژی خوێندنە.. وەزیری پەروەردە: دواخستنی خوێندن لە ڕووی زانستییەوە قوتابیان زیانبار دەکات

هەولێر-KDP.INFO- وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە ساڵی نوێی خوێندن لە زۆربەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەست پێ دەکات.هاوکات دەڵێت، دواخستنی خوێندن لە ڕووی زانستییەوە قوتابیان زیانبار دەکات.
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردە(د.پشتیوان سادق) ڕایگەیاند، ساڵی نوێی خوێندن لە سبەی 10 ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات و، "دواخستنی کردنەوەی قوتابخانەکان لە ڕووی زانستییەوە زیانێکی زۆری هەیە لەسەر قوتابیان."
وەزیری پەروەردە گوتیشی، ''لە کۆی گشتیی 6743 قوتابخانە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، تەنیا 700 قوتابخانە ئاوارەی تێدایە، کە زۆربەیان لە پارێزگای دهۆکن.''
شایانی باسە کە 646 قوتابخانە لە دهۆک، زاخۆ، سێمێڵ، ئامێدی، شێخان، بەردەڕەش و ئاکرێ، 21509خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بووە، کە ژمارەیان 129023 کەسن. ئەمەش بەپێی ئاماری لیژنەی تایبەتی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک، کە لە بەرواری 19 ئاب 2014 تۆمارکراوە.
وەزیری پەروەردە روونی کردەوە کە "قوتابیانی قۆناخی 12ی ئەو قوتابخانانەی ئاوارەیان تێدا نیشتەجێ بوون، دەست بە خوێندن دەکەن لە کاتی خۆی و شوێنی تایبەتیان بۆ دابین کراوە، قۆناخەکانی ترى ئەو قوتابخانانە بۆ ماوەیەک دوا دەخرێت، تاکو قوتابخانەکان بەردەست دەبن بە شێوەیەکی گونجاو بۆ وەرگرتنی قوتابییەکان".
(د.پشتیوان سادق) رایگەیاند کە "پاش چۆڵکردنی قوتابخانەکان و دەرچوونی ئاوارەکان، لە هەر قوتابخانەک بە سەرۆکایەتیی بەرێوەبەری قوتابخانەکە لیژنەیەک پێک دەهندرێت و، سەرپەرشتیی پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان دەکات."
لە لایەکی ترەوە، یاریدەری بەرێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی پەروەردە(کاوە عومەر)، گوتی ''کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، UNHCR، هەڵساوە بە نەخشەکێشانی چۆنیەتیی دابەشکردن و نیشتەجێبوونی گشت ئاوارەکانی لە قوتابخانەکانن، بەپێی ئەم نەخشەیە کەمپیان بۆ دروست دەکرێت''.
بە هەمان شێوە لە شارۆچکەی عەنکاوەیش، ئەو 11 قوتانخانانەی کە ئاوەرەیان تێدا نیشتەجێ کراون، قۆناخی 12 دەست بە خوێندن دەکات لە کاتی خۆی، لەو شوێنە تایبەتیانەی کە بۆ قوتابییەکان ئامادە کراون."
شایەنی باسە، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، لیژنەیەک پێک هاتووە لە وەزیری پەروەردە(پشتیوان سادق)، وەزیری پلاندانان(عەلی سندی)، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون(دەرباز کۆسرەت) و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان ئەحمەد)، کە هەوڵ دەدات بۆ دابینکردنی کامپ و هەموو پێداویستییەکانی ئاوارەکانی دهۆک، بە زووترین کات.




