گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان لە زوممار دۆزرایەوە.. نیوەیان منداڵ و بەساڵداچوون

زوممار-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، لە سنووری شارەدێی زوممار گۆرێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە، كە نزیكەی 25 تەرمی كوردانی ئێزدی تێدایە و پێنج لەوانە منداڵن و نۆیشیان كەسانی بەساڵداچوون.
لەم بارەیەوە بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار (حەسەن خەلۆ) بە kdp.info-ی راگەیاند، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئاگادار كراینەوە كە گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە نێوان كۆمەڵگەی بردیا و بارزانكێ دۆزراوەتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ تیمێكی بزیشكی و تیمێكی ئەندازیاری چووینە شوێنەكە، دیار بوو كە نزیكەی 25 تەرمی تێدایە و سەرجەمیان كوردی ئێزدین و هەریەكەیشیان گوللەیەكیان لە سەر دراوە و بە كۆمەڵ لەو گۆڕەدا نێژراون".
(خەلۆ) هەروەها گوتیشی، پێنج لەو كەسانە منداڵن و نۆی دیكەیش كەسانی بەتەمەنن، هۆكاری كوشتنیشیان تەنیا كوردبوون و پێڕۆییكردن لە ئایینی ئێزدی بووە.
بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەوەیشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ 14 تەرمیان دەرهێناون و هەندكیش ماون و بڕیارە سبەی دەریان بهێنن.
بڵند ئیبراهیم




