٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێویستە لە سێ مانگدا داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكرێن.. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێریی دۆخی عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەرانی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنن، وڵاتانی جیهان چاودێریی دۆخی عێراق دەكەن و پێویستیشە بەڵێنەكانی حكوومەتی داهاتوو لە سێ ماندا جێبەجێ بكرێن. ئەوەیش دەخەنە ڕوو كە دەبێت داواكارییەكانی كورد لەسەر كاغەز واژۆ بكرێن.


ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئارێز عەبدوڵڵا) بۆ KDP.info گوتی، "دەبێت لەمەودوا حكوومەتی عێراق دان بە داواكارییەكانی كورددا بنێت، چونكە هەلومەرجەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە سەركردە عێراقییەكان لەگەڵ ئەوەدا نین كە عێراق ئارام ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە هەوڵ دەدەین و ئومێدمان هەیە بە هاوكاریی وڵاتانی دەرەوە و یەكدەنگیی كورد، ئەو گرفتانە چارە بكەین".
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا چاودێریی حكوومەتی عێراق دەكەن تا ئەو سێ مانگە وەڵامی كورد دەدرێتەوە.

هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) بۆ KDP.info ئاماژەی دا، "گرنگ ئەوەیە لایەنی بەرانبەر تا چەند بە بەڵێنەكانەوە پابەند دەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەبین بڕیارەكان جێبەجێ بكرێن، چونكە ئەم جارە ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان چاودێریی دۆخەكە دەكەن، لە كاتێكدا بەپێی ئەو ئەزموونەی ئێمە هەمانە، بەداخەوە لەوە ناچێت دەسەڵاتدارانی بەغدا بیانەوێت بەڵێنەكان جێبەجێ بكەن".

ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی (شێخ فاتح داراغایی) بۆ KDP.info ڕایگەیاند، "ئەگەر لایەنی سێیەم نەبێت گەرەنتیی ئەو سێ مانگە بدات، ئاستەمە حكوومەتی عێراق داخوازییەكانی كورد جێبەجێ بكات، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا چاودێریی دۆخی عێراق دەكەن و ئەوەیش گەرەنتییەكی گەورەیە".

كارزان هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار