پەرلەمانتارانی كورد داوای خەرجکردنی مووچە و لادانی خاڵەکانی سزادانیش لە ناو بودجەی 2014 دەکەن

بەغدا-KDP.INFO- پەرلەمانتارانی كورد و ئەندامانی كاتی لە لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نووێنەرانی عێراق، لە رێگای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە یادداشتێک پێشكەش بە حكوومەتی عێراق دەكەن کە چەندان داواكاری لەخۆ دەگرێت.
پەرلەمانتاری كورد لە هاوپەیمانیی كوردستانی لە پەلەرمانی عێراق(نەجیبە نەجیب) بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند: "ئێمەی ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و لەگەڵ ئەو لیژنە دارایییە كاتییەی دروست كراوە، لە رۆژی دووشەممەوە لە رێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە یادداشتێكمان دا بە حكوومەتی عێراق کە پێوەستە بە خەرجكردنی یەک لە دوازدەی بوجەی هەرێمی كوردستان، لادانی ئەو خاڵانەی سزای سزادانن لە ناو بودجەی 2014 و ماوەی 7 رۆژیش بە لیژنەی كاتی دارایی بدرێت بۆ داڕشتنەوەی بودجە، پاشان بۆ پەرلەمانی عێراق ڕەوانە بکرێ و بودجەی 2014-ش زوو پەسەند بکرێت."
دەربارەی زیادەمووچەی فەرمانبەرانیش، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق گوتی: "بە هۆی بوونی كێشەی بودجە لەنیوان هەرێم و حكوومەتی عێراق، بودجەی هەرێم بە بریارێكی سیاسی بڕاوە، ئەگەر ئەو كێشەیە چارە كرا و بودجەی 2014-ش پەسند بكرێت، ئەوا حاڵی فەرمانبەرانی هەرێمیش وەكو فەرمانبەرەكانی تری عێراق دەبێت، بەپێی یاسا بۆ ئەو وەزارەتانەی كە بڕیاری زیادبوون دەیانگرێتەوە زیادەمووچەیش خەرج دەکرێ."
نەشوان بەرزنجی




