پرسی بەجینۆسایدناساندنی كۆكوژیی ئێزدی، شەبەك و مەسیحییەكان تاوتوو كرا

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی نێوان ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و سەرۆك و نوێنەری رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكاندا، پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە كوردانی ئێزدی و مەسیحی و شەبەك و پێكهاتەكانی تر ئەنجام دراون، تاوتوو كرا.
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان خاتوو (پەخشان زەنگەنە) ئەمڕۆ سێشەممە 9/9/2014، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەن، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لەگەڵ سەرۆك و نوێنەری رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان كرد و تێیدا رەوشی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی رەوشی ژنان و منداڵان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە كەیسی ئاوارە ئێزدییەكان و هەوڵ و كۆششەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانەی لەلایەن داعشەوە لە دژی ئەم پێكهاتە رەسەنە و نەتەوەكانی دیكەی ناوچەكە ئەنجام دراون، تاوتوو كران.
لە كۆبوونەوەكەدا رێكخراوە بەشداربووەكان بیروڕایان بۆ باشتركردنی رەوشی ئاوارەكان لە بوارەكانی بژێوی و تەندروستی و پەروەردە و باشتركردنی شوێنەكانی نیشتەجێبوونیان بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاڵوگۆڕ كرد.
هەروەها پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە كوردانی ئێزدی و مەسیحی و شەبەك و پێكهاتەكانی تر ئەنجام دراون، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، كە تێیدا سەرجەم لایەنە بەشداربووەكان كۆك بوون لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵ و كۆششەكان لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانانە و، كاركردن بۆ ئاشكراكردن و دۆزینەوەی چارەنووسی سەرجەم ئەو كچە ئێزدیانەی كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندراون و بەكۆیلە كراون و فرۆشراون.
دلێر ئیبراهیم




