٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆریای باشوور ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان تەرخان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی نووسینگەی هەرێم لە باڵیۆزخانەی كۆریای باشوور لە عێراق، بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتیی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارەكان، سەردانی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان تەرخان دەكات.


سەرۆكی نووسینگەی هەرێم لە باڵیۆزخانەی كۆریای باشوور لە عێراق (یۆنگمۆ) گوتی، وڵاتەكەی بڕیاری تەرخانكردنی ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلاری بۆ یارمەتیی مرۆیی ئەو ئاوارانە داوە كە لەم دواییەدا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام پێویستە ئاگاداری میكانیزمەكانی گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارەكان بێت و بزانێت هەرێم پێویستی بە چ جۆرە یارمەتییەك بۆ ئاوارەكان هەیە و ولاتانی تریش بە چ شێوازێك یارمەتیی ئاوارەكانیان داوە.

نوێنەری حكوومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەلًَ نەتەوە یەكگرتووەكان (د. دیندار زێباری) پرۆسە و میكانیزمەكانی گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارەكان خستە ڕوو و رایگەیاند، چەندین شێواز بۆ ئەم پرۆسەیە گیراوەتە بەر كە یەكێكیان هەماهەنگی و راوێژی زانیاریی هاوبەشە بۆ یارمەتیی مرۆیی. ژمارەیەك وڵات وەك قەتەر، ئەڵمانیا، هوڵەندا، فەڕەنسا، توركیا، ئێران و ئوردن راستەوخۆ یارمەتییە مرۆییەكانیان بۆ ئاوارەكان لە هەرێم گواستووەتەوە. هەروەها هەندێ وڵاتی تریش بە رێگەی رێكخراوە خێرخوازییەكانەوە یارمەتییەكانیان پێشكەش كردووە.

(زێباری) هەروەها گوتی، باشتر وایە یارمەتیی دارایی راستەخۆ بگاتە حكوومەتی هەرێم كە بە شێوەیەكی خێڕاتر دەتوانێ یارمەتیی ئاوارەكان بدات و تواناییەكانی بۆ ئەم بوارە زیاترە.
داوایشی كرد گوشارێكی زیاتر بخرێتە سەر بەغدا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كە ئێستا زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێویستیان بە خۆراك، ئاو و دەرمان و پێداویستیی تەندروستی و پزیشكی هەیە و لە رەوشێكی سەختدان.
لە بەشێكی تری كۆبوونەكەدا باس لە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرا، كە سەرۆكی نووسینگەی هەرێم لە باڵیۆزخانەی كۆریای باشوور، ویستی وڵاتەكەی بۆ زانینی چۆنیەتیی بەشداریكردنی كورد لەم حكوومەتەدا خستە ڕوو. لە بەرامبەردا نوێنەری حكوومەت بۆ یوئێن رایگەیاند، "عێراق لە حاڵەتی شەڕدایە و داعش چەندین ناوچەی ئەم وڵاتەی داگیر كردووە كە بە یەكگرتوویی دەتوانین بەرەنگاری ئەم مەتڕسییە ببینەوە و دەرفەتێكیش بە بەغدا بدەین بۆ جێبەجێكردنی خواستەكانمان".

هەواڵی پەیوەندیدار