خواردن بۆ 12 هەزار خێزانی پەنابەر دروست دەكرێت.. دەزگای بارزانی سووتەمەنی بۆ پەنابەرانی كەمپی بەحركە دابین دەكات

دهۆك-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هەڵمەتەكانیدا بە مەبەستی بەهاناوەچوونی زیاتری پەنابەرانی شنگال لە شاری دهۆك و دەوروبەری، خواردنی خێرا بەسەر 12 هەزار خێزانی ئاوارە لە خانكێ و سێمێل و باتێلدا دابەش دەكات. هاوكات لە كەمپی بەحركەیش سووتەمەنی و چەندین جۆری دیكەی پێویستیی بەسەر 750 خێزانی پەنابەردا دابەش كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری دهۆك و دەوروبەری بەردەوامە لە گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری و دابینكردنی پێداویستیی رۆژانە بەسەر پەنابەرانی شنگالدا و رۆژی 9/9/2014 لە هەڵمەتێكی تردا لە خانكێ و سێمێل و باتێل هەستان بە دابەشكردنی ژەمەخواردنی خێرا بەسەر 12 هەزار خێزانی پەنابەردا، كە بە شێوەیەكی رۆژانە لە رێگای چەندین چێشتخانەوە خواردنەكان ئامادە دەكرێن و بەسەریاندا دابەش دەكرێت.
هاوكات لە شارۆچكەی سۆرانیش تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستاون بە دابەشكردنی خۆراكی وشكی مانگی 9 بە سەر 200 خێزانی ئاوارەی دانیشتووی شارەكەدا كە بە بەرنامەیەكی تۆكمە مانگانە بەشەخۆراك بەسەر پەنابەراندا دابەش دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانن خواردنی رۆژانەیانی پێ دەستەبەر بكەن.
لەلایەكی دیكەوە و لە كەمپی بەحركە، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەستا بە دابەشكردنی نەوت بەسەر 750 خێزانی ئاوارەی كەمپەكەدا، بۆ ئەوەی لە دروستكردنی خۆراكی رۆژانە و پێداویستییەكانی دیكەدا سوودی لێ وەربگرن، ئەمە جگە لە دابەشكردنی خۆراك و پێداویستیی رۆژانە، هەروەها جۆرەها میوەیان بەسەر سەرجەم خێزانی كەمپەكەدا دابەش كردووە.
هەر لە درێژەی چالاكییەكاندا لە هەمان كەمپ، هەستاون بە دابەشكردنی 750 فلینەی گەورە بەسەر خێزانەكاندا، لەگەڵ دابەشكردنی شەش جۆر پاككەرەوە و كارتۆنێك كێك، جگە لە دابینكردنی ئامێری ئاگركوژێنەوە بۆ ناو كەمپەكە، بۆ ئەوەی لە هەر مەترسییەكی ئاگركەوتنەوە كەمپەكە بپارێزرێت.




