سەرۆک بارزانی و عهبادی هاوڕابوون، ههڵهکانی پێشوو دووباره نهکرێنهوه و داواکارییەکانی کورد ڕەچاو بگیرێن

ههولێر-KDP.INFO- (سهرۆک بارزانی) و (حهیدهر عهبادی)، هاوڕابوون لهوهی کە دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش کە بەیەکەوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە هەڵەکانی حکوومەتی ڕابردوو دووبارە نەکرێنەوە و مەرج و داواکارییەکانی کورد ڕەچاو بگیرێت و کار بۆ سەقامگیریی وڵات و ڕاماڵینی تیرۆریستان بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق، پیرۆزبایی لە (حەیدەر عەبادی) کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کارەکانی بۆ خواست.
لەم پەیوەندییە باس لە بڕیاری بەشداربوونی کوردستان کرا لە حکوومەت کە بە کۆدەنگیی گشت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بووە و جەخت لەوە کرایەوە کە، تێکڕای لایەنە سیاسییەکان پێکەوە هاوکاری یەکتر بن بۆ ئەوەی عێراق لەو قەیرانە ئەمنی و سیاسییەی تێی کەوتووە ڕزگاری بێت.
هەردوولایش لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش کە بەیەکەوە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە هەڵەکانی حکوومەتی ڕابردوو دووبارە نەکرێنەوە و مەرج و داواکارییەکانی کورد ڕەچاو بگیرێن و کار بۆ سەقامگیریی وڵات و ڕاماڵینی تیرۆریستان بکرێت.




