٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانا رۆستایی: كورد بەبێ گوشار و بە مەرج بەشداریی لە حكوومەتدا كردووە

سەرچاوە: KDP.info
ئەندامی شاندی دانوستانكاری كورد (زانا رۆستایی)

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری كورد دەڵێت، هیچ گوشارێكیان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا لەسەر نەبووە. جەختیش دەكاتەوە كە، بە مەرجی خەرجكردنی موووچەی فەرمانبەران بەشدارییان كردووە و بەڵێنیش دراوە لە یەكەم هەفتەی دەستبەكاربوونی حكوومەتدا، دەست بە خەرجكردنی مووچە بكرێت.

ئەندامی شاندی دانوستانكاری كورد (زانا رۆستایی) بە kdp.info-ی راگەیاند، "هیچ گوشارێك لەسەر كورد نەبووە بۆ ئەوەی بەشداری لە حكوومەتی نوێ عێراقدا بكات، بەڵام ئەمەریكا داوای كرد بەشدار بین و پێیان وا بوو كورد قازانجێكی زۆر دەكات و بارودۆخی زۆر بەرەو پێش دەچێت، ئەمەیش دوای ئەوەی (مالیكی) لادراوە كە ئاسۆیەكی نوێ لە بەردەم كورد دەكرێتەوە و هاوكاریی نێودەوڵەتییش ئیجگار زۆر دەبێت، ئەمانە كۆمەڵێك بەڵێنن بە كورد دراون و بە مەرجیش بەشداری كردووە، لەوانە پێویستە لە یەكەم هەفتەی دەستبەكاربوونی حكوومەتدا، مووچەی مانگی ئەیلوول خەرج بكرێت و لە هەمان هەفتەیشدا لیژنەیەك پێك دێت بۆ ئەوەی مووچەی هەشت مانگی رابردوویش خەرج بكرێت".

(رۆستایی) ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە چوار وەزارەت بە مافی خۆمان دەزانین و بەڵێنی ئەوەیشمان پێ درابوو، بەڵام دوێنێ سێ وەزارەت بۆ ئێمە دانرابوو و بەبێ ئاگاداریی ئێمەیش دیاری كرابوون."

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری كورد راشیگەیاند، "بۆ پۆستەكانی دیكەیش تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵام بڕیارە لیژنەیەكی هاوسەنگی دروست بكرێت و ئەو لیژنەیە پۆستەكانی دیكە لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت دیاری دەكات، ئێمەیش بەپێی ئیستحقاقی خۆمان پۆست وەردەگرین".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار