شەبەك ڕەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرن.. حكوومەتی هەرێم بە تەنیا هاوكاریی ئاوارەكان دەكات

مووسڵ-kdp.info- نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تەواوی هاووڵاتیانی كوردی شەبەك ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی400 هەزار كەس و زۆرینەیشیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون. هاوكات رەخنەیش لە حكوومەتی عێراق دەگرێت كە هاوكاریی ئەو ئاوارانە ناكات، بۆیە داوای كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان تایبەت بە دۆخی ئاوارەكانیان كردووە.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق (مەلا سالم شەبەك) بە kdp.info-ی راگەیاند، ژمارەی هاووڵاتیانی شەبەك لە سنووری پارێزگای مووسڵ دەگاتە نزیكەی 400 هەزار كەس و هەموویان ئاوارە بوون كە زۆرینەیان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەشێكی كەمیش ئاوارەی نەجەف و كەربەلا بوون.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "بڕیارە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئاوارەكان لە پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بۆیە ئێمە لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی سەردانیكردنی ئەو ئاوارانەین بۆ ئەوەی ئاگاداری دۆخیان بین و لە نزیكەوە كێشەكانیان ببینین و دواتر لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا باسی لێوە بكەین تا چارە بكرێن".
(مەلا سالم) گوتیشی، "رەخنەی زۆرمان لە حكوومەتی عێراق هەیە كە هاوكاریی ئاوارەكانی نەكردووە بە تایبەتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كە بڕیارە ملیۆنێك دینار بداتە ئەو ئاوارانە، بەڵام تاوەكو ئێستا 15%-ی ئەو خەڵكە ئەو هاوكارییەیان وەرنەگرتووە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئێمە سوپاسی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین كە زۆر هاوكاریی ئاوارەكانیان كردووە بەپێی توانای خۆیان و هەوڵی جیددییشیان داوە بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارە بكەن، كە ئەمەیش جێی دەستخۆشییە".
بڵند ئیبراهیم




