٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی دیكە لە عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info
ژماره‌یه‌ک ئاواره‌ که‌ بۆ خۆده‌ربازکردن له‌ده‌ست تیرۆریستانی داعش، شوێنه‌کانیان جێ هێشتووه‌ و به‌ره‌و ناوچه‌ ئارامه‌کان هه‌نگاو ده‌نێن. ئه‌رشیڤ

هەولێر-kdp.info-  بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی لە هەرێم، بە یاوەریی شاندێك بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی دیكە و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەم رەوشە، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخڕاوە ناحكوومییەكان، كۆ بووە.

بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی یۆنامی لە هەرێم و باكووری عێراق (نەدیم ئۆسماناگیچ) لە كۆبوونەوەكەدا ئاگاداربوونی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە تاوانەكانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی تر دژی مرۆڤ خستە ڕوو و رایگەیاند، لە سەرەتای رووداوەكانی عێراق و هاتنی داعشەوە، بەڵگەنامەیان لە بەردەستە كە داعش چ جۆرە تاوانێكی بەرامبەر كەمایەتییەكان ئەنجام داوە، چونكە رێكخراوی مافی مرۆڤ سەردانی قوربانیانی ئەم تاوانەی كردووە و ئاگاداری وردەكارییەكانی تاوانی دژی مرۆڤایەتیی گرووپی تیرۆریستیی داعشە.
(نەدیم) هەروەها گوتی، تیمێكی تایبەت لە جنێف بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی تر دێتە ناوچەكە كە بۆ خۆیشیان وەك نووسینگەی مافی مرۆڤی یۆنامی لەسەر چاودێریكردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق بەردەوامن.
نوێنەری حكوومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان (د. دیندار زێباری) باسی لە پێویستیی لەخۆگرتنی تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە بازنەی كاری مافی مرۆڤدا كرد كە بە بێ جیاوازی لێكۆلََّینەوە و چاودێریی هەموویان بكات.
هەروەها داوای كرد دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان لێكۆڵینەوە لەسەر كۆمەڵكوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە لایەن داعشەوە بكات و پێویستە كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەوە بزانێت كە جینۆساید بەرامبەر كوردانی ئێزدی كراوە، وەك چۆن پێشتر بەرامبەر تەواوی كورد لە هەرێم كرا.
لە كۆتاییدا نوێنەری حكوومەتی هەرێم رایگەیاند، حكوومەت راپۆرتی رێكخڕاوەكانی مافی مرۆڤ بە هەند وەردەگرێت و لە لیژنەی باڵای بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لەسەر راپۆرتەكان دەكات و هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووكانیش بۆ ئەم مەبەستە بە گرینگ دەزانێت.

هەواڵی پەیوەندیدار