دەزگای خێرخوازیی بارزانی كاروانێك هاوكاریی رەوانەی ئاوارەكانی سەر چیای شنگال كرد

هەولێر-kdp.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی هەڵمەتەكانیدا بە مەبەستی بەهاناوەچوونی زیاتری پەنابەرانی شنگال، بە تایبەتی ئەو خێزانانەی لەسەر چیای شنگال ماونەتەوە، بۆ جاری دووەم لە رێگەی وشكانییەوە زیاتر لە 40 تۆن خۆراك و شیر و كەلوپەلی منداڵان و خێوەتی گەیاندە ئاوارەكانی سەر چیای شنگال.
رۆژی 8/9/2014 دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەروەك لە رابردوودا زیاتر لە 3 كاروانی خۆراك و پێداویستی لە رێگەی فڕۆكەوە گەیاندووەتە ئاوارەكانی سەر چیای شنگال و توانیویەتی لە رێگەی هاوكارییەكانییەوە خزمەتێكی بەرچاوی خێزانە پەنابەرەكانی سەر چیای شنگال بكات و كەلێنێكی زۆریان بۆ پڕ بكاتەوە و هاوكات لە قات و قڕی و كارەساتێكی گەورەی مرۆیی دەربازیان بكات، ئەمڕۆیش لە هەڵمەتێكی تردا بۆ جاری دووەم لە رێگەی وشكانییەوە بە پێنج كامیۆن كە 20 تۆن ئارد و 20 تۆن شیری منداڵان و جلوبەرگی منداڵان و خێوەت لە خۆ دەگرێ، رەوانەی سەر چیای شنگالی كرد.
لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند، ئەوە بۆ چەندین جارە لە رێگەی ئاسمانی و وشكانییەوە پەیتا پەیتا كاروانی خزمەتگوزاری و یارمەتی و كۆمەكەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەگەیەننە پەنابەرانی سەر چیای شنگال، ئەمە جگە لەوەی بە شێوەیەكی بەردەوام لە رێگای ئۆفیسەكانیانەوە لە دهۆك و دەوروبەری و كەمپەكانی هەولێر، رۆژانە هاوكاری و كۆمەك و خۆراك و پێداویستییان بەسەردا دابەش دەكەن.
گوتیشی، "بۆ ئەمڕۆیش هەوڵمان دا لە رێگەی وشكانییەوە كاروانێكی تری كۆمەك و هاوكارییەكانمان بگەیەنینە دەست ئەو پەنابەر و خێزانانەی كە لەسەر چیای شنگال ماونەتەوە، كە هاوكارییەكانیش پێداویستیی رۆژانە و مانەوە و خۆراك و جلوبەرگی منداڵانی لە خۆ گرتووە و لە رێگەی 5 ئۆتۆمبێلەوە گەیەنرانە پەنابەرانی سەر چیاكە و بەردەوامیش دەبین لە گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان بۆیان".




