محەممەد ئەحمەد: کۆی لایەنە سیاسییەکان یەکدەنگن.. هێشتا بڕیارمان نەداوە.. پەرلەمانی عێراق بێ کورد کۆبوونەوەی دەست پێ کرد

سلێمانی-KDP.INFO- ئەندامی شاندی دانوستانکاری کورد لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان(محەممەد ئەحمەد) گوتی، کۆی لایەنە سیاسییەکان هێشتا لە چۆنیەتیی بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراقدا، یەکدەنگ، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەیان نەداوە.
(محەممەد ئەحمەد) کە کەمێک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەکە هاتە دەرەوە، تەنیا بە چەند وشەیەک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لایەنە سیاسییەکان هێشتا لە کۆبوونەوەدان بۆ چۆنیەتیی چارەکردنی گرفتەکان و پشکی کورد لەو کابینەیەدا، هاوکات هێشتا گفتوگۆ دەربارەی بەرنامەی کار و پێکهاتە و پشکی کورد لەو حکوومەتەی کە وەها بڕیارە (حەیدەر عەبادی) پێکی بێنێت، درێژەی هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی، لەسەر ئاستی باڵا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارن و هێشتایش بەردەوامە.
ئەم گوتانەی لە کاتێکدان کە هەر پاش لێدوانی ئەو، بێ بەشداریی کورد، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی خۆی ساز دا کە پێوەستە بە متمانەدانی حکوومەتی نوێی عێراق کە (عەبادی) سەرۆکایەتیی دەکات.
زریان زیاد




