هێشتا بڕیاری بەشداری لە حکوومەتدا نەدراوە.. کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە

سلێمانی-KDP.INFO- زیاتر لە 3 سەعاتە كۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری کورستان بەردەوامە و کەمێک لەمەوبەریش، نوێنەری یوئێن و ئەمەریكا، کە بەشداریی بەشێکی کۆبوونەوەکەیان کرد، هاتنە دەرەوە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان لە پێویستیی بەشداریی کۆی پێکهاتەکان کردەوە.
پاش هاتنە دەرەوەیان لە کۆبووبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکان، شاندی ئیئێن و ئەمەریکا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسیان لەوە كرد كە ئەوان لەسەر داوای كورد بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا كردووە، وەكو نێوندگیرێك لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراقدا و، ڕایانگەیاند، لەو كابینەیەدا دەبێت هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە کەمینە نەتەوە و ئایینەکانیشییەوە بەشدار بن.
هاوکات ڕایانگەیاند، دەبێت بەپێی دەستوور كارەكانی حكوومەتی نوێی عێراق بەڕێوە ببرێن و هەموو لایەنەكان رەچاوی دۆخی عێراق بكەن كە ئێستا لە چ قەیرانێكدایە و بەپێی دۆخی ئێستایش دەبێت بە زووترین كات حكوومەت پێك بێت.
بەپێی زانیارییەکانی KDP.INFO، (هۆشیار زێباری) لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ راسپێردراو بۆ سەرۆكی حكوومەت(حەیدەر عەبادی)-دا زانیویەتی سێ وەزارەت وەک پشکی كورد یەكلا بوونەتەوە تا لە ڕێیەوە لە كابینەی نوێی حكوومەتدا بەشدار بێت، کە وەزارەتەکانی دارایی و رۆشنبیری و مافی مرۆڤن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنە کوردستانییەکان، بە مافی كوردی دەزانن پێج بۆ شەش وەزارەتی بەر بکەوێ، بەڵام تائێستا ئەم سێ وەزارەتە یەكلا بوونەتەوە.
جێی باسە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هێشتا بەردەوامە و بەپێی زانیارییەكانی KDP.INFO، بڕیار نییە پاش کۆتاییی کۆبوونەوەیش كۆنگرەی رۆژنامەوانی ساز بدرێت.




